گەنجان لە مارسیلیا و دوسلدۆرف چالاکیی 'ئازادی بۆ رێبەری ئاپۆ'یان ڕێکخست
ئەندامانی تەجەشە و تێکۆژن وەک هەموو چوارشەممەیەک، دوێنێش بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رژانەوە سەر شەقامەکان.
ئەندامانی تەجەشە و تێکۆژن وەک هەموو چوارشەممەیەک، دوێنێش بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رژانەوە سەر شەقامەکان.
ئەندامانی تەجەشە و تێکۆژن بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە مارسیلیا ڕێپێوانیان ئەنجامدا و لە دوسلدۆرف چوونە ناو فڕۆکەخانەی دوسلدۆرف و راگەیاندراویان بڵاوکردەوە.
مارسیلیا
ئەندامانی بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە / TCŞ) و ژنانی گەنجی تێکۆشەری (تێکۆژن / TekoJIN) ئێوارەی دوێنێ لە هەرێمی بێلی دێ مەیی شاری مارسیلیای فەرەنسا کۆبوونەوە و ڕێپێوانێکیان لە چوارچێوەی هەڵمەتەکان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخست.
لە ڕێپێوانەکەدا گەنجان پۆستەرێکیان بەرزکردبووە، کە لەسەری نووسرابوو "ئازادی بۆ ئۆجالان" و هاوکات ئاڵاکانی پەکەکە و پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرز کردبووە. ڕێپێوانەکە لە گەڕەک و شەقامەکاندا بەڕێوەچوو و تیایدا بە وتنەوەی دروشم بە زمانی کوردی و فەرەنسی فاشیزمی تورک ئیدانە کرا و داوای ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.
لە رێپێوانەکەدا مەشخەڵی ڕەنگاوڕەنگ، کە لەلایەن گەنجانەوە بەرزکرابوونەوە، بوونە هۆی زیاتر سەرنجڕاکێشانی دەورووبەر. چالاکوانان کاتێک بە رێپێوانەکەیان گەیشتنە ناوەندی شار راگەیاندراوێکی کورتیان خوێندەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە بەر ئەوەى ماوەی ٢٣ ساڵە گۆشەگیریی تووند و ئەشکەنجەی سیستماتیک لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، شەڕ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قوڵتر بووەتەوە. ئەوەشی تیادا هاتبوو، گەورەترین مەرج بۆ گەلان کە لە ئاشتیدا بژین، نەهێشتنی گۆشەگیریی ئیمراڵی و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ئۆجالانە.
گەنجان داوایان کرد، ئەو ٤ گەنجە کوردە ئازاد بکرێن، کە لە چالاکیی ٣ی کانوونی یەکەم لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) دەستگیر کرابوون، دەستبەجێ ئازاد بکرێن. داواشیانکرد، پێویستە هەموو گەنجان بەشداری لە ڕێپێوانەکەی رۆژی ٨ی کانوونی دووەم دا ببن، کە بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس رێکدەخرێت.
دوسلدۆرف
چالاکوانانی تەجەشە و تێکۆژن لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا بۆ داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە فڕۆکەخانەی دوسلدۆرف چالاکییەکیان ئەنجامدا.
گەنجان کاتژمێر ١٩:٠٠ی ئێوارە لەبەردەم فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی دوسلدۆرف کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا راگەیاندرا، ناتۆ و سی پی تی بە هاوکاری و پشتیوانییان لە تورکیا بوونەتە پشتیوانی دەوڵەتی تورک بۆ گۆشەگیریی قورس و سیستماتیک لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
چالاکییەکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو بە زمانی ئەڵمانی و بە دەم وتنەوەى دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بە سەر هاووڵاتییاندا دابەشکرا.
ژ.ت