گەنجانی کورد ڕژانە گۆڕەپانەکان: ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ
گەنجانی کورد لە ئەوروپا و کەنەدا بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕژانە گۆڕەپانەکان.
گەنجانی کورد لە ئەوروپا و کەنەدا بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕژانە گۆڕەپانەکان.
ئەندامی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی ئەوروپا (تەجەشە) و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تێکۆژن) لە زۆر شاری کەنەدا و ئەوروپا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕژانە گۆڕەپانەکان.
پاریس
ئەندامانی تەجەشە و تێکۆژن، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕژانە گۆڕەپان.
درووشمەکان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرانەوە. بەدەم درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرەو گۆڕەپانی " Republique" ڕێپێوانیان کرد و ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.
گوتیان: " بەڵێن دەدەین لەو ڕێگەیەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەستمان پێکردووە، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتوو دەبین".
لۆزان
ئەندامانی تەجەشە و تێکۆژن، لە شاری لۆزانی سویسرا، بانگەوازیان لە هەموو گەنجانی شۆڕشگێڕ کرد بێنە گۆڕەپانەکان.
دووپاتیان کردەوە، پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاکە چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە پڕ پشێوییەی جیهان.
ئاماژەیان بەوە کرد، چارەسەری پرسی کورد لای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، تا سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی دوایی نەیەت، گۆڕەپانەکان تەرک ناکەن.
مارسیلیا
گەنجانی تەجەشە و تێکۆژن، لە مارسیلیای فەرەنسا ڕێپێوانیان کرد. بە کوردی و فەرەنسی درووشمیان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکردەوە.
دووپاتیان کردەوە، ئازادی گەلی کورد گرێدراوە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە، گوتیان: "ئاستەنگی هەرە مەزن لەبەردەم تێکۆشان دژی سیستەمی سەرمایەداری، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە".
دوسیلدۆرف
گەنجان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری دوسیلدۆرفی ئەڵمانیا ڕێپێوانیان کرد.
بەردەوام درووشمیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵوەشانەوەی سیستەمی ئیمراڵی بەرزدەکردەوە.
دووپاتیان کردەوە، هەموو دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا لەم سیستەمی ئەشکەنجەیە بەرپرسن.
زیوریخ
گەنجان لە زیوریخ کۆبوونەوە و بانگەوازیان لە گەنجانی شۆڕشگێڕ کرد، بڕژێنە گۆڕەپانەکان.
دووپاتیان کردەوە، پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاکە چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە پڕ پشێوییەی جیهان.
ڕاگەیاندراوی هاوبەش
ئەو ڕاگەیاندراوە هاوبەشەی گەنجان لە چالاکییەکان خوێندیانەوە وەهایە:
"هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد' لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە زیاتر لە ١٠٠ شوێنی جیاواز دەستیپێکرد. مێژووی دەستپێکی هەڵمەتە پاش چارەکە سەدەییەک و قوڵبوونەوەی ئەو گۆشەگیرییە ڕەهایەی کە ماوەی ٣ ساڵە پەیڕەو دەکرێت، گرنگ بوو، ماوەی ٢٥ ساڵە گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەی کە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت، بەردەوامە لە تێکۆشان و بەرخۆدان. هەڵمەتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ قۆناغێکی نوێی بۆ گەنجان و گەلی کوردستان ئافراند. گەلی کورد دەیان ساڵ دژی فاشیزم و ستەم بەرخۆدانی کرد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی ڕێکخست و بەو پارادایمەی کە ئافراندبووی دەرگایەکی نوێی بۆ گەلان و جیهان کردەوە.
تێکۆشان دژی پیلانگێڕیی ٢٥ ساڵە بەڕێوەدەچێت، بەم دوایین هەڵمەتەی دژ بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی کە گەلی کورد و دۆستەکانی پەرەی پێداوە، تێکۆشانەکە بەردەوامە. دەبینین فیکری ڕێبەر ئاپۆ لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. هەر گەنجێک کە دژی سیستەم بەرخۆدان دەکات ڕێگای سەرکەوتن لای ڕێبەر ئاپۆ دەدۆزێتەوە. نزیکترین نموونەی ئەمەش یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی گەنجانە کە لە ٣-٥ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسی جیهانی گەنجان ٤٩ ڕێکخراو و لایەنی جیاواز بە دروشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد" هاتنە دەرەوە و ڕوانگەیەکی نوێیان بەو هەڵمەتە بەخشی کە لە ١٠ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد.
ئەمەش پیشانی دەدات، مەزنترین ئاستەنگ لەبەردەم تێکۆشان دژی سیستەمی سەرمایەداری، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک نەوەک هەر بۆ کوردستان؛ بۆتە هیوایەک بۆ هەموو گەلانی چەوساوە.
ئەگەر هەموو ئەمانەش لەگەڵ مێژووی نیو سەدەی تێکۆشاندا لەبەرچاو بگرین، ئەوا پێداگرین تاوەکو ئەو ڕۆڵ و ئەرکەی کە ڕێبەری ئاپۆ لەم قۆناغە مێژووییەدا دەیخاتە ئەستۆمان، بەجێی بگەیەنین. دەبێت لە گۆڕان و گۆڕانکاریدا پێشەنگ بین. لە قۆناغێکی مێژوویی وەها، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی لەو شێوەیە لە هەموو جیهان، نیشانەی سەرکەوتنی کۆتاییە.
دەتوانین بڵێین بەبێ ڕێبەر ئاپۆ هیچ واتا و گرنگییەکمان نییە، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە دژی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی کە تراژیدیایە بۆ مرۆڤایەتی و گەلی کوردستان، بەرخۆدان نیشان دەدات، ئێمە وەک گەنجان پێویستە هەمیشە لەپێناو ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدان بکەین. وەک گەنجی ئاپۆیی سەبرمان نەماوە. ئەو گۆشەگیرییە ڕەها و ئەشکەنجە دەروونییەی ٣ ساڵە بەردەوامە، ئیتر سنووری گەنجانی کورد و گەلی کورد تێدەپەڕێنێت. ئێمە ئەو بەڵێنانەی کە بۆ ڕێبەر ئاپۆ داومانە بە پراکتیکی جێبەجێی دەکەین. هەروەک چۆن ٢٥ ساڵ لەمەوبەر بە بڕیاری چالاکوانان "ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن"، ڕۆحی باوەڕ و ئامانجیان لەئەستۆ گرت، ئێمەش وەک تەجەشە و تێکۆژن ئەم ڕۆح و باوەڕەمان گرتۆتە ئەستۆ و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە دەبین. ئێمە تێکۆشان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە. دیسان مێژوو دەگۆڕین. وەک ڕێبەر ئاپۆ گوتی "ئێمە بە گەنجی دەستمان پێکرد، بە گەنجی تەواوی دەکەین"، بەم دروشمە ئەم هەڵمەتە مەزنتر دەکەین و تا دەگەینە ئامانجەکەمان تێکۆشان و خۆڕێکخستن دەکەین.
چالاکییەکانی ١١-١٢ی تشرینی دووەم، بۆ گەنجانی کورد و گەلی کورد و دۆستەکانیان خاڵی وەرچەرخانە. هەرچەندە لە ١٨ی تشرینی یەکەم بە فەرمی بەشداری کەمپینەکەیان کرد، بەڵام ئەو چالاکیی و ڕێپێوانانەی کە ئەمڕۆ بۆ ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ شاری جیاوازدا ئەنجامدرا، سەرەتایەکە کە هەرگیز کۆتایی نایەت تا ئەو ئامانجە نەیەتە دی. لەسەر ئەم بناغەیە دووپاتی دەکەینەوە، تاکە ئامانجمان سەرخستنی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد"ـە، که به ڕۆحی گەنجان بڵاوبۆتەوە و بۆتە هەڵمەتێکی گەردوونی . لەسەر ئەم بناغەیە بەڵێن دەدەین لەو ڕێگەیەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەستمان پێکردووە، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتوو دەبین".