هادی عامری، بڕیارەکانی تایبەت بە بەعەرەب کردنی کەرکوکی هەڵوەشاندەوە

لەلایەن لیژنەى جێبەجێکردنى ماددەى ١٤٠ەوە بڕیار لەبارەى داگیرکردنى زەوى جووتیارانى کورد لەلایەن عەرەبى هاوردەوە دەرکرا و تەواوى ئەو بڕیارانەى لەلایەن حیزبى بەعسەوە دراون هەڵدەوەشێنرێتەوە.

بەپێی نوسراوێک کە واژۆى هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى جێبەجێکردنى ماددەى ١٤٠ لەسەرە و ئاڕاستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کراوە، تەواوى بڕیارەکانى لیژنەى (کاروبارى باکور) هەڵوەشاوەتەوە و بەوپێیەش ئەو زەویانەى لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە داگیر کرابون دەگەڕێنەوە بۆ کوردەکان.

بەپێى نوسراوەکە، لەمەودوا دەبێت کار بە بڕیارى ٢٩ى ساڵى ٢٠١٢ بکرێت کە بەوپێیە بێت تەواوى ئەو بڕیارانەى لە سەردەمى حیزى بەعسدا دراون هەڵدەوەشێتەوە کە پێکدێت لە دوو بڕیار یەکێکیان تایبەتە بە بەعەرەب کردن بەناوى لیژنەى کاروبارى باکور و ئەویدیکەیشیان ئەنجومەنى سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەم رژێمی پێشووی بەعسە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەکانى رابردوودا جووتیارە کوردەکانى کەرکوک زەوییەکانیان لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە داگیر کران و ئەویش لەبەر ئەوەى تا ئێستا کار بە بڕیارى ٢٩ى ساڵى ٢٠١٢ نەدەکرا و بەپێى یاساى بەعەرەب کردن ئەو زەویانە درابونە عەرەبە هاوردەکان،

ئەمرۆش هادی عامری، جەختی کردەوە کە بڕیاری ژمارەی ٢٩ی ساڵی ٢٠١٢ی ئەنجومەنی وەزیران تا ئێستا کاری پێدەکرێت و نابێت گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کاری پێبکرێت.

جێگای باسە نزیکەی سێ هەفتەیە، جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری تۆپزاوە، دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان مانگرتنیان راگەیاندووە کە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکوور و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕشی حزبی بەعس زیاتر لە ١٣٥ هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنوری کەرکوک لە جووتیارانی کورد و تورکمان وەرگیراوە و درا بە عەرەبی هاوردە.

لە دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەریش عەرەبێکی شۆڤێنی سەپێندرا وەکو پارێزگاری شاری کەرکوک، لەو کاتەوە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک بەهاوکاری ئیدارەی کەرکوک بەشێکی زۆریان لەو گرێبەستە کشتوکاڵییانە بۆ عەرەبی هاوردە نوێکردەوە بۆیە رۆژانە لەسنوری ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ عەرەبی هاوردە بەهاوکاری سوپای عێراق هەڵدەکوتنە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد.