هەدەپ: پێداگرین لە سەر بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی و هەرێمی
هەدەپ ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتیە هەڕێمییە دیموکراتیەکانی ئاشکراکرد، کە رۆژی ١٢ی مانگ سازیکردبوو. لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە، "ئێمە پێداگرین لە سەر بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی و هەرێمی".
هەدەپ ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتیە هەڕێمییە دیموکراتیەکانی ئاشکراکرد، کە رۆژی ١٢ی مانگ سازیکردبوو. لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە، "ئێمە پێداگرین لە سەر بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی و هەرێمی".
دەستەی بەڕێوەبەری خۆجێیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) بە ناونیشانی 'لە رێگەی کۆمەڵەی رێکخستنکراوەوە بەرەو خۆبەڕێوەبەری هەڕێمی دیموکراتیک" رۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر کۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی دیموکراتیکی سازکرد.
هەدەپ ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکەی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، ئەو کۆنفڕانسە پێشکەش بەو منداڵانەی رۆژئاوای کوردستان کراوە، کە لە هێرشەکانی تورکیا و داعشدا ژیانیان لەدەستداوە.
هەر لە ئەنجامنامەکەدا سیاسەتمەدارانی زیندانیکراویش بەبیرهێنراونەتەوە و سڵاویان ئاراستەی سەرجەم زیندانیانی سیاسی کردووە.
لە ئەنجامنامەکەدا جەخت لە سەر جێبەجێکردنی سیاسەتی رێگەی سێهەم لە بەڕێوەبەرایەتیە خۆجێیەکاندا کراوەتەوە و لەو بارەوە هاتووە: " لە تورکیا دەخوازرێت سیاسەت لە نێوان دوو جەمسەردا قەتیس بکرێت، ئەوەش پێمان نیشان دەدات کە رێگەی سێهەم دەبێت وەک خەتێکی تێکۆشان هەڵبسەنگێندرێت و گەورەتر بکرێت. ئێمە پێداگرین و بریارمان ئەوەیە کە سیاسەتی رێگەی سێهەم لە بەڕێوەبەرایەتی خۆجێییدا جێبەجێ بکەین، بەرفراوانی بکەین بیگۆرین بۆ یەکێتیی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی".
هەدەپ بە بیرهێنانەوەی کەموکوڕییەکانی تێکۆشانی رابردوو و ئەوەی کە باجی ئەو کەموکوڕیانەشیان داوە، ئاماژەی بەوەکرد کە لە تێکۆشانی داهاتوودا بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە گەل دەزانن و بەڵێن دەدەن کە بەو وشیارییەوە بجوڵێنەوە.
بەشێکی ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکەی هەدەپ تەرخان کراوە بۆ گۆشەگیری رەهای سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری و دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ئۆجالان کراوەتەوە و لەو بارەوە راگەیەندراوە: "لە دژی پێشێلکاری و کردەوە نایاساییە بەردەوامەکانی سەد ساڵەی یەکەمی کورد کە گەلەکەمانیان بە نەبوو دادەنا، بۆ ئەوەی سەدەی دووەمی کۆمار دیموکراتیک بێت، پێویستە ئێمە گوڕ بە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بدەین. بیرۆکەی کۆماری دیموکراتیک کە بەڕێز ئۆجالان خستوویەتیەڕوو، دەریدەخات کە دەکرێت تورکیایەکی یەکسان و ئازاد بوونی هەبێت. گۆشەگیری ئیمراڵی کە لە کەسایەتی بەڕێز ئۆجالاندا درێژەی پێدەدرێت، ئەمرۆ بووەتە کردەوەیەک کە هەناسەی لە هەموو گەلانی تورکیا بڕیوە. بۆ ئەوەش، بەمەبەستی شکاندنی گۆشەگیری کە ئەمڕۆ لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت، ئێمە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بەرفراوانتر دەکەین و لە هەموو ئەو گۆڕەپانانەی ئێمەی تێداین، داواکارییەکانمان بۆ ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان دەخەینەڕوو".
هەدەپ پێداگری خۆی لەسەر میراتی شارەوانی کۆمەڵایەتی و بەرفراوانکردنی ئەو میراتە دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "هەدەپ، سیستمی تێگەیشتنی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کە لە سەرووی شارەوانیەوە زیاتر راوەستە لەسەر گەل دەکات بەرەوپێش خستووە. ئەزمونی شارەوانی کۆمەڵایەتی کە ساڵی ١٩٧٩ بە س ئەندامی ژنی شارەوانیەوە دەستیپێکرد، لەماوەی چەندین ساڵدا گەورەتر بوو گەیشتە ئاستێکی باڵاتر. بەرپرسیارێتی مێژووییمان ئەوەیە کە ئەو بەهایانەی لە رابردووەوە تائێستا بۆمان بە میرات ماوەتەوە بیانپارێزین و گەورەیان بکەین.
بەو هێزەی لە ئەزمونی تێکۆشانی هەپ تا هەدەپ، وشیاریمان کە دیموکراسی خۆجێیی بەرەوپێش دەبات و لە سەر بنەمای بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی، بەردەوام دەبێت. لەو ماوانەدا دەستکەوتەکان لەسەر چەمکەکانی شارەوانی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان بەدەستهێنران. ئەرکی ئێمەش لە ئێستا بەدواوە بەرفروانترکردنی ئەو دەستکەوتانە و ئافراندنی ئەو میکانیزمانەیە کە لە هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێگیریان بکەین و بیچەسپێنین. وەک پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ئەو میراتەی بۆمان ماوەتەوە بۆخۆمان دەکەین بە بنەما و بە هەموو هێزمانەوە بۆ جێبەجێکردنی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی تێدەکۆشین".
لە درێژەی ئەنجامنامەکە هێما بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیە هەڵبژێردراوەکان و دانانی قەیوم کراوە و سووربوونی خۆیان دەربڕیوە لەسەر ئەوەی کە "شارەکان لە دەست قەیوم و دزەکان رزگار دەکەن".
هەر لە ئەنجامنامەکاندا بابەتەکانی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسانی ژنان بە رەنگی خۆیانەوە لەناو رێکخستنەکان و دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی، بەرفراوانکردنی دیموکراسی خۆجێی لە بەڕێوەبەرایەتی هەڕێمی و لەو رێگەیەشەوە مسۆگەرکردنی دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک، کردووەتەوە.
لە کۆتایی ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی دەستەی بەڕێوەبەری خۆجێیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) هاتووە: "هەڵبژاردنی داهاتوو کە هەڵبژاردنەیە کە ئێمە شارەوانیەکان وەک ماڵی گەل، بۆ گەل دەگەڕێنینەوە، سیاسەت بە کۆمەڵایەتی دەکەن و لە خۆجێییترین ئاستەوە کۆماری دیموکراتیک پێکدەهێنین. بەو ئامانجانەوە 'بە کۆمەڵگای رێکخستنکراوەوە بەرەو بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی دیموکراتیک' دەچین".
هـ . ب