هێرشبەرانی سەر ناوەندی هەدەپە گروپێکی ئاکەپەیی بوون!

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا گروپێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ هێرشیان کردە سەر ناوەندی گشتیی هەدەپە، ئێستا ئاشکرا بووە لە مانگی ئەیلول دا لەگەڵ نوعمان کورتولموش و ئۆیا ئەرۆنات-ی ئاکەپەیی کۆبوونەتەوە و پێکەوەش وێنەیان گرتووە.

لە ٥ی ئایاری ٢٠٢٢دا گروپێک بە پشتیوانیی پۆلیس هێرشیان کردە سەر ناوەندی گشتیی هەدەپە لە ئەنقەرە.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک جگە لە پشتیوانیکردن لەو گروپە تێکدەر و ئاژاوەگێڕە هەڕەشەیان لە عایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە کرد و بە هاوار هاوارەوە پێیان وت، "بێدەنگ بە لە ژێر ئەو دیوارەدا پانت دەکەینەوە" و ٨ خەباتکاری هەدەپەیان دەستگیرکرد.

جەلیل بەکتاش و سولەیمان ئایدین دوو لەو هێرشبەرانەن، کە لە مانگی ئەیلولدا لە ناوەندی گشتیی ئاکەپە لەگەڵ نوعمان کورتولموش جێگری سەرۆکی ئاکەپە و ئۆیا ئەرۆنات پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ئامەد وێنەیان گرتووە.

ئەو وێنانە لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢١دا گیراون و ئەوە نیشان دەدەن، کە هێرشەکە لەلایەن خودی ئاکەپەوە رێکخرابوو.

ژ.ت