جەنگاوەرانی کەبەدەهە لە شاری بورسا ئاگریان لە دوو کارگە و ئۆتۆمبێلێک بەردا

جەنگاوەرانی سەما یوجە سەر بە کەبەدەهە ڕایگەیاند؛ لە دژی گۆشەگیری و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم، لە شاری بورسا ئاگریان لە دوو کارگە و ئۆتۆمبێلێکی لوکس بەرداوە.

جەنگاوەرانی سەما یوجە سەر بە کەبەدەهە ڕایگەیاند، بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم و بۆ یادی شەهیدانی "ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن" لە شاری بورسا ئاگریان لە "شوێنی فاشیستان" بەرداوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ٤ی تشرینی یەکەم، کارگەی قوماشی ENA لە شەقامی چیدەم سۆکاک لە هەرێمی پیشەسازی لە ناوچەی عوسمان غازی بورسا ئاگر درا، لە ئەنجامدا کۆگاکە و چەند بەشێکی کارگەکە زیانێکی زۆریان بینی.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە ٢٨ی ئەیلول ئۆتۆمبێلێکی لوکس کە سەر بە 'فاشیستان' لە گەڕەکی ساکاریای ناوچەی عوسمانیە ئاگر تێبەردرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ٢٨ی ئەیلول، لە گەڕەکی ئاڵتنۆڤا لە ناوچەی عوسمان غازی بورسا، کارگەیەکی پالێت سووتێندرا.