خزمی زیندانیان لەگەڵ وەزیری دادی تورک باسی گۆشەگیریان کرد

خزمی زیندانیان لەگەڵ وەزیری دادی تورک یەڵماز تونچ کۆبوونەوە و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان باسکرد، تونچ گۆشەگیری ڕەتکردەوە، شاندەکە ڕاپۆرتێکیان خستەبەردەستی.

خزمی زیندانیان و پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) نەورۆز ئویساڵ و دیلان کونت لە بینای وەزارەت لەگەڵ وەزیری داد یەڵماز تونچ کۆبوونەوە.

تونچ، پێش جەژنی قوربان و کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤ، لەگەڵ خزمی زیندانیان کۆبووە و ئەمڕۆی بۆ ڕۆژی داواکارییەکە دیاری کرد.

تاکە بابەتی کۆبوونەوەکە: عەبدوڵا ئۆجالان

لە کۆبوونەوەکەدا خزمی زیندانیان تیشکیان خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چالاکی بایکۆتی زیندانیان، ڕایانگەیاند کێشەی زیندانیان بەهۆی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوەیە، ئەمە ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە نییە و ئەمەش نایاساییە.

دیسان وەزیر نکۆڵی لە گۆشەگیری کرد

وەزیر تونج بانگەشەی ئەوەی کرد گۆشەگیری بوونی نییە. هەوڵی دا خزمی زیندانیان بێدەنگ بکات کە بە پێداگرییەوە باسی گۆشەگیریان دەکرد. بەڵام خزمی زیندانیان ڕایانگەیاند تا هەڵگرتنی گۆشەگیری درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.

ڕاپۆرتەکانی گۆشەگیریان پێشکەش کرد

پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئەوەیان بیری وەزیری داد هێنایەوە، کە گۆشەگیری لە ڕاپۆرتەکانی سی پی تی و بڕیاری ڕێوشوێنی نەتەوە یەکگرتووەکان باسکراوە.

پەرلەمانتاران ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ ی نووسینگەی یاسایی سەدەیان دایە وەزیر کە باس لە گۆشەگیری و پێشهاتەکانی تایبەت بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات. هەروەها پەرلەمانتاران ڕاپۆرتێکیان ڕادەستی وەزیر کرد، لە ڕاپۆرتەکەدا بڕیارەکانی لیژنەی چاودێری و کارگێڕی کە ئازاکردنی زیندانیان ئاستەنگ دەکات، کێشەکانی تەندروستی و کێشەکانی تر ڕوون کراوەتەوە.