کەجەئێ-ئە ساڵیادی رزگارکردنی شەنگالی پیرۆز کرد
کەجەئێ-ئە ساڵیادی رزگارکردنی شەنگالی لەسەرجەم گەلی کورد پیرۆز کرد.
کەجەئێ-ئە ساڵیادی رزگارکردنی شەنگالی لەسەرجەم گەلی کورد پیرۆز کرد.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئەوروپا (کەجەئێ-ئە) بە بۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی شەنگال راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە: "سەرەتا ٨ەمین ساڵیادی رزگارکردنی شەنگال لە گیانبەختکردووان، کۆمەڵگەی ئێزدی و سەرجەم گەلی کورد و کوردستان پیرۆز بێت، شەنگال لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ سەرلەنوێ لە ژیلەمۆی خۆی دروست بووەوە و لەسایەی بەرخودانی تێکۆشەران و گیانبەختکردوان لە دەست و داگیرکەری تیرۆریستانی فرەنەتەوەیی داعش رزگارکرا. لەو پرۆسەیەی رزگارکردندا ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەران و خۆڕاگران گیانیان بەخت کرد و هەر یەکێک لەوان بە خوێن و ئازار ناوی خۆیان بە پیتی زێڕین لە مێژوودا نوسیەوە.
داعش و هاوکارەکانی وەک دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هاوکارە هەرێمیەکانی واتە پەدەکە و گروپە دواکەوتووەکانی بەرەی سوننە تاوانێکی دژە مرۆڤایەتیان ئەنجامدا کە لە دژی گەلی ئێزدی و ئایینی ئێزدایەتی، قڕکردن و فەرمانیان ئەنجامدا".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە "هەموو کوردێکی خاوەن شکۆمەندی، لایە دیموکراتیک و کەسانی مرۆڤ دۆست بەپرسیارن لەوەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بپارێزن و بەهێزی بکەن. ئایندەی کۆمەڵگەی ئێزدی لەم جیهانەدا بە پارێزگاریکردنی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و دانپێدانان بە قەوارەی شەنگال بەستراوەتەوە".
لەکۆتاییشدا دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئەوروپا (کەجەئێ-ئە) رایگەیاندووە، "ئێمە جارێکی دیکە ٨ەمین ساڵیادی رزگارکردنی شەنگال لە گەلی کورد و کوردستان و ئێزدیەکان پیرۆز دەکەین و بەژنی خۆمان لە بەردەم گیانبەختکردووان کە بوونە ئەستێرە و بەپیتی زێرین ناوی خۆیان بۆ خاکی شەنگال و ئێزدخان نوسیەوە، دادەنەوێنین. رێگایان رێگەمانە، فەلسەفە، هەڵوێست و بەرخودانی ئەوام، لە شەنگالی خۆبەڕێوەبەردا زیاتر دەهێنینەدی و بە زیندوویی رایدەگرین.
هـ . ب