کەمالبای: ئامانجیان کۆمەڵکوژکردنی بەڕێوەبەران و ئەندامانی هەدەپە بوو لە ئیزمیر

سەرپیل کەمالبای پەرلەمانتاری هەدەپە، کە لە دوایین ساتدا لە هێرشە چەکدارییەکە بۆ سەر بارەگای هەدەپە لە ئیزمیر رزگاری بوو رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکە کۆمەڵکوژی بوو، چونکە لەو رۆژەدا مەراسیمی ئیمزاکردنی کتێبی بەیاز ئوستون هەبوو.

سەرپیل کەمالبای پەرلەمانتاری هەدەپە، کە لە دوایین ساتەکاندا لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر بارەگای هەدەپە لە ئیزمیر رزگاری بوو رایگەیاند، رۆژی هێرشەکە رۆژی مەراسیمی ئیمزای کتێبی بەیاز ئوستون بوو و ئامانجی هێرشەکە کۆمەڵکوژکردنێکی گەورە بوو، چونکە من و هاوسەرۆک، بەڕێوەبەرانی شار و ناوچەکان دەبوو زووتر بڕۆشتینایە بۆ بارەگای حیزب و لەوێ کۆبووینایەتەوە و دوای ئەوە بەشداریمان لە مەراسیمەکەدا بکردایە.

کەمالبای راشیگەیاند، هەر وەک ئامەد لە بەردەم بارەگای حیزبەکەمان لە ئیزمیر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ماوەی چەندین مانگە چادر هەڵدراوە و هەموو رۆژێک پۆلیس لەوێ پاسەوانی و ئێشکگری دەدات. بە ناو پۆلیسەکان و لە ژێر چاودێریی چڕ و بەردەوامدا هێرشبەرەکە چووەتە ناو بارەگاکە و دواتر دەنیز پۆیرازی کوشتوە و ماوەى ٢٥ خولەکیش لە ناو بارەگاکەدا ماوەتەوە و چاوەڕێی کردووە کەسانی تریش بکوژێت.

کەمالبای وتی، زۆرێک لە هەڤاڵانمان بە رێککەوت لەو کۆمەڵکوژییە رزگاریان بووە و وتیشی، "هێرشەکە کاتژمێر ١٠:٠٠ رویداوە. پێش هێرشەکە بەرپرسی دارایی حیزبمان بە خێرایی دەڕوات بۆ فڕۆکەخانە بۆ ئەوەى ئەندامانی لیژنەى بەڕێوەبەریی ناوەندی بهێنێت بۆ بارەگاکە.

هەر لەو کاتەدا عەبدولقادر بایدوری هاوسەرۆکمان، کە تازە نەخۆشیی کۆرۆنای تێپەڕاندووە و لە نەخۆشخانە هاتووەتەدەرەوە و لەگەڵ ئەندامی ئەنجوومەنی حیزبدا بەرەو بارەگاکە دەڕۆن. لەو کاتەدا بە رێککەوت هاوڕێمان دەنیز لە بارەگاکەدایە. بە گشتی و بە بەردەوامی دەرگای بارەگاکەمان کراوەیە. هێرشبەرەکە چووەتە ناوە بارەگاکە، دەنیز هەست دەکات کەسێک هاتووەتە ناو بارەگاکە و بە دوای بەرپرسیی دارایدا دەگەڕێت. لە نێوان مەتبەخ و دەرگای درەوەدا هۆڵی دانیشتن هەیە و هێرشبەرەکە لەوێ تەقە لە دەنیز دەکات و شەهیدی دەکات.   

هێرشبەرەکە دەیەوێت هەندێک کەسی تریش بکوژێت، بۆیە لە دوای کوشتنی دەنیز دەڕوات بۆ ژووری هاوسەرۆکمان. بە لەقە لە دەرگا داخراوەکە دەدات. دوای ئەوە دەیەوێت بڕوات بۆ ژووری دارایی و لەبەر ئەوەى دەرگای ژوورەکە داخراوە تەقە لە دەرگاکە دەکات. ٢٠ بۆ ٢٥ خولەک لە ناو بارەگاکەکەدا دەمێنێتەوە. کاتێک ئەوانە لە ناو بارەگاکەدا روویان دەدا پۆلیس لە ژێر بارەگەکەدا بوو. لەو کاتەدا عەبدولقادر بویدوری هاوسەرۆکمان لەگەڵ ئەندامی ئەنجوومەنی حیزبمان دەیانەوێت بڕۆن بۆ ناو بارەگاکە، ٣ پۆلیس لە بەردەم بارەگاکە دەبینن و نازانن چی بووە. دەڕۆن لە مارکێتی نزیک بارەگاکە جگەرە دەکڕن و گوێیان لە دەنگی چەک دەبێت، بۆیە بە خێرایی روو دەکەنە بارەگاکە و دەیانەوێت بڕۆنە ناو بارەگاکە، بەڵام پۆلیس رێگرییان لێدەکات و دەڵێن، "لە قاتی دووەم هێرش هەیە" و رێگایان پێ نادەن بڕۆنە سەرەوە. یانی پۆلیس پیش ئەوەى بڕواتە سەرەوە دەیانزانی هێرش کراوەتە سەر بارەگای هەدەپە و لە نهۆمی دووەمدا هێرش هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش ناڕۆنە سەرەوە و هیچیش ناکەن بۆ رێگرتن لە هێرشەکە".

کەمالبای وتی، پۆلیس پێش هەموو چالاکییەکی رێکخستنی ناوشاری هەدەپە و پێش هەر لێدوان و کۆنفرانسێک بە دوای هاوسەرۆکانماندا دەگەڕێن و پەیوەندییان پێوە دەکەن، بەڵام ئەو رۆژە سەرباری ئەوەى دەیانزانی چالاکیی ئیمزای کتێب هەیە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بە هاسەرۆکانمانەوە نەکردبوو.

کەمالبای وتیشی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش زۆر لە بارەگاکەمانەوە نزیکە و سەرباری ئەوەش بۆ ماوەى ٢٥ خولەک هیچ دەستێوەردانێکیان نەکردووە. لە کاتی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکەشدا زۆر نەرم و نیان بوون لەگەڵی و وەک ئەوەى لە لوکەدا  بپێچەنەوە مامەڵەیان لەگەڵ کرد و بردیان. بەو جۆرە لەگەڵ ھێرشبەرەکەدا مامەڵەیانکرد. زۆر جار بە پۆلیسمان وتوە، چادرەکە لە بەردەم بارەگاکەمان لاببەن، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەى بارەگاکەمان بکرێتە ئامانج، بەڵام هەرگیز پۆلیسەکان گوێیان لەو هۆشدارییەى ئێمە نەدەگرت.

سەرپیل کەمالبای دوای هێرشەکە و کاتێک بەڕێوەبەری ئاسایش هاتووە بۆ شوێنی رووداوەکە و بە بێ باکی و خۆ بادانەوە وتویەتی، "مەگەر ئێوە نازانن چادر لەوێیە، ئێوە عەقڵتان کەمە" و ئەوەش دەریدەخات هێرشەکە بەرنامە بۆ دانراو بووە، بۆیە بەڕێوەبەری ئاسایش زۆر سادە و ئاسان و وەک ئەوەى هیچ نەبووبێت ئەو قسانە دەکات. ئەو لە کوێ ئەوانە دەزانێت؟ ئایا لێکۆڵینەوەى لە رووداوەکە کردووە و ئەو قسانە دەکات؟".

کەمالبای ئەوەشی وت، ئەستەمە ئاسایش و هەواڵگری ئاگاداری ئەو ھێرشە نەبووبن و وتی، ئەم پرۆسەیە و ئەمجۆرە هێرشانە بە کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسەوە دەستیپێکردووە.

لەبارەی پێشینە و پرۆفایلی هێرشبەرەکانەوە وتی، هێرشبەرەکان لە سوریا راهێنان و پەروەردەی چەکدارییان لەلایەن ئەو چەتانەوە بینیوە، کە تورکیا هاوکارییان دەکات. دەیانەوێت قەیران و ئاڵۆزییەکی وەک دوای هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران دروست بکەنەوە.

ژ.ت