کۆمکاری عەرەبی: هێرشەکان دەبنە هۆکاری زیاد بوونی تیرۆر

پەیوەست بە هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک، کۆمکاری عەرەبی نیگەرانی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند ئەم پێشهاتانە دەبنە هۆکاری زیاتربوونی مەترسی تیرۆر و لە دژی یەکپارچەیی خاکی سوریایە.

کۆمکاری عەرەبی پەیوەست بە پێشهاتەکانی ئەم چەند ڕۆژەی سوریا، هێرشی چەتەکانی ئەحرار شام لەسەر حەلەب و گوندەکانی حەما ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لەڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "وەک کۆمکاری عەرەبی بە نیگەرانییەوە لە پێشهاتەکانی سوریا دەڕوانین و جەختەکینەوە لە ڕێزگرتن لە یەكێتی، سەرەوەری و سەلامەتی خاکی کۆماری عەرەبی سوریا." ئاماژەشی بەوەکردووە، پێشهاتەکانی سوریا ڕێگە بە زیادبوونی مەترسییەکانی تیرۆر لە هەرێمەکەدا دەکاتەوە.

ئەمریکا: ئیدارەی سوریا هۆکاری ئەم بارودۆخەیە

شۆن ساڤیت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "بەردەوامی ڕەتکردنەوەی ئیدارەی سوریا بۆ بەشداریی لەو پرۆسە سیاسییەی لە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ ئەنجوومەنی ئاسایشدا ئاماژەی پێ کراوە و پشتبەستنی بە ڕووسیا و ئێران، ئەو هەلومەرجەی خوڵقاندووە کە ئێستا سووریای تێیدایە."

شۆن ساڤیت دەربارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد ئەمریکا لە نزیکەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت.

شۆن ئاماژەی بەوەشکردوە ،ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانی چەتەکانی ئەحرار شامەوە نیە و ڕێکخراوێکی تیرۆرستییە.

ساڤیت جەختی لەوەش کردەوە، ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی، داوای کەمکردنەوەی پەرەسەندن و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و کەمینەکان و دەست پێ کردنی پرۆسەیەکی سیاسیدایە، ئەویش بە یەکلاییکردنەوەیەک لەگەڵ بڕیارنامەی ژمارە ٢٢٤٥ی ئەنجوومەنی ئاسایشدا یەک دەگرێتەوە.

ساڤیت جەختیکردووەتەوە لەوەی ئەمریکا لە ئامادەکارییەکانیدایە و وتی: " وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن و پاراستنی تەواوی کارمەندان و شوێنە سەربازییەکانی ئەمەریکا، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لەوەی داعش جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە سوریا."