کۆنفرانسی جیهانیی گەنجان پێشکەشی عەبدوڵا ئۆجالان کرا

کۆنفرانسی گەنجانی جیهان کە لەلایەن تۆڕی "گەنجان مێژوو دەنوسنەوە" لە پاریس بەڕێوەدەچێت، بە بەشداری گەنجانی جوگرافیا جیاوازەکان بەردەوامە.

کۆنفرانسی گەنجانی جیهان لەسەر بناغەی کۆنفرانسەکانی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٩ لە ئامەد و کۆبانێ، لەلایەن تۆڕی "گەنجان مێژوو دەنوسنەوە"ـەوە ڕێکدەخرێت. کۆنفرانسەکە لە بینای ئێسپەیس نیمەیەر بەڕێوەدەچێت. کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ درێژە دەکێشێت. یەکەم ڕۆژی کۆنفڕانسەکە کاتژمێر ١٠ بە وتاری دەستپێک و خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی شۆڕش دەستی پێکرد. پاشان باسی تێکۆشان و شەهیدانی شۆڕش کرا.

فلۆریان ئەندرێ لە دەسپێکی کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم کۆنفرانسە پێشکەشە بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

فلۆرینا گوتی: " ئەم کۆنفرانسە ساڵی ٢٠١٥ لە ئامەدی پایتەختی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان ساڵی ٢٠١٩ لە کۆبانێ پایتەختی بەرخۆدان بەڕێوەچوو. ساڵی ٢٠١٥ و دوای کۆنفرانسەکە، دەوڵەتی فاشیستی تورک شەڕێکی مەزنی لە دژی کوردستان دەستپێکرد. لە ساڵی ٢٠١٩ و دوای ٦ مانگ لە کۆنفرانسی کۆبانێ، دەوڵەتی تورک گرێ سپی داگیرکرد. ئەم کۆنفرانسە پێشکەش دەکەین بە سەرکردەی ئەم شۆڕشە عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ئیمراڵی گۆشەگیرکراوە".

پاشان پەیامی دەڤەرە جیاوازەکانی جیهان پێشکەش کرا.

دواتر بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی سۆسیالیستی پێشکەوتووخوازی لوبنان، دووپاتی کردەوە، گەنجانی پێشکەوتووخواز پاشەڕۆژ بنیات دەنێن و بۆ هەمیشە دژی داگیرکاری تێدەکۆشن.

پاشان پەیامی یەکینەکانی پاراستنی ژن و کۆمۆنەی ئەنتەرناسیۆنالیستی ڕۆژئاوا پیشاندرا، لە پەیامەکاندا دووپاتیان کردەوە: "ئێمە دژی سەرمایەداری بەرخۆدان دەکەین، ژیانێکی نوێ بنیات دەنێین. ئێمە لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆین. نەوەک هەر بۆ مێژوو، بەڵکو ئەم کۆنفرانسە بۆ هەموومان گرنگە".

پاشان بە ناوی تەڤگەری سۆسیالیستی ئەفریقای باشوور، نەهلالی باسوم، پەیامێکی ڕەوانەی کۆنفرانسەکە کرد، دووپاتی کردەوە، ئاوات بە جڤاکێکی یەکسان دەخوازن.

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی گەنجانی ئۆزگور شەڕکەر، پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی بەشداران کرد و گوتی: " وەک گەنجانی ئاپۆیی سڵاو لە هەمووتان دەکەین. سڵاو لە یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی گەنجان دەکەین. ڕەنگە یەکترمان نەبینیبێت، یەکتر نەناسین. ئێمە هەندێکمان خەڵکی کوردستانین، هەندێک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەندێک لە ئەوروپا، هەندێک لە باشوری ئەفریقا. بەڵام هەموومان بەدوای ژیانێکی ئازاددا دەگەڕێین. هەر بۆیەش لەم کۆنفرانسەدا ڕۆحی گەنجانی ٦٨ ساڵان دەبینین. بۆیە کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە دەبێتە مایەی سەرکەوتنێکی مەزن".