کەنەکە: ڕۆژ رۆژی بەرخودانە و دەبێت یەکگرتووی بەهێز بکرێت

کەنەکە ئەنجامنامەى کۆبوونەوەی ١ی ئایاری بڵاوکردەوە، کە بە بەشداریی ٢٤ و رێکخستن و رێکخراوی کوردستانی بەڕێوەچوو. لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە، "بە یەکگرتوویی و بە رۆحی بەرخودانی کۆبانێ ئێمە هەموومان پێکەوە لە دژی هێرشەکانی دوژمن تێدەکۆشین".

کەنەکە ئەنجامنامەى کۆبوونەوەی ١ی ئایاری بڵاوکردەوە، کە بە بەشداریی ٢٤ و رێکخستن و رێکخراوی کوردستانی بەڕێوەچوو. لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە، "بە یەکگرتوویی و بە رۆحی بەرخودانی کۆبانێ ئێمە هەموومان پێکەوە لە دژی هێرشەکانی دوژمن تێدەکۆشین".

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەنجامی کۆبوونەوەى ٢٤ی حزب و رێکخستنی کوردستانی لە ١ی ئایاردا بڵاوکردەوە.

دەقی ئەنجامنامەکەى کەنەکە:

"ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان

لەسەر بانگەوازیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان نوێنەرانی 24 پارت و رێکخراوی کوردستانیی رۆژی یەکشەمە 01.05.2022 لە ناوەندی ك.ن.ك لە برۆکسل کۆبوونەوە. بابەتی سەرەکی کۆبوونەوە هێرشەکانی دەولەتی تورکیا بوو بۆ سەر باشووری کوردستان. لە کۆبوونەوەدا بە بەرفراوانی دۆخی سیاسیی کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان تاووتوێ کران. هەروەها لەسەر بنەمای دوایین پێشهاتەکان هێرشەکانی دەولەتی تورکیا لە باشووری کوردستان  هەڵسەنگێندران. لەسەر شێوازی هەڵوێستگرتن و شێوازی رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان وتوێژی فراوان کرا.

لە ئێستادا جیهان لە ناو قەیران و شەڕی جۆربەجۆردایە. ئەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درێژەی هەیە، کە وەک شەڕی جیهانیی ناوزەد ئەکرێت، لەمڕۆدا فراوان بووە و گەیشتۆتە رۆژهەڵاتی ئەوروپا. هەروەک ئەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، هێزە سەرەکییەکانی دنیا لە شەڕی ئۆکرایاشەوە گلاون. رۆژەڤی سەرەکیی جیهان شەڕی روسیاو ئۆکرانیایە. نەیارانی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان سوود لە دۆخی ئەو شەڕە وەربگرن و پیلانەکانی خۆیان لە کوردستان جێبەجێ بکەن. لە هێرشە دڕندانەکانی ئێستادا کە چەکی قەدەغە کراو، لە ناویشیاندا چەکی کۆمەڵکوژ بەکاردێت، پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە. ئامانجی نەیارانی گەلی کوردستانیش ئەوەیە لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیایە، ئەوانیش پیلانەکانی خۆیان لەو فرسەتەدا پیادە بکەن و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لەناوببەن.

ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا کە لە ناوچەی زاپ و ئاڤاشین بەڕیوەئەچن، بەو دۆخەوە گرێدراون و شەڕێک نین هەر لە دژی گەیلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بن. لە هەمانکاتدا دژی هەموو دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی کوردستانیانن و ئامانج تیایاندا داگیرکردنی باشووری کوردستانە. هەرشتێک لەو بارەیەوە بگوترێت راستیەکە هەر ئەوەیە کە پیلانەکانی داگیرکەران دیارن. پیلانی دەوڵەتی تورکیاش سەبارەت بە ویلایەتی موسڵ ئاشکراو روونە. دەولەتی تورکیا هەنگاو بە هەنگاو باشووری کوردستان داگیرئەکات و داگیرکەرانی دیکەش هەر یەکەیان بە شێوازی خۆیان لەو پیلانەدا بەشدارن. رێک لەو کاتەدا کە دەولەتی تورکیا لە زاپ و ئاڤاشین لە هێرشکردندایە، حکومەتی عێراقیش جووڵە بە هێزەکان خۆی بۆ شەنگاڵ و دەوروبەری ئەکات. ئەمە رێکەوت نییە بەڵکو هاوپەیوەندن. لە لایەکی تریشەوە هێرشی دەولەتی تورکیا بۆسەر رۆژاوای کوردستان هەر بەردەوامە. یەکێک لە ئامانجەکانی دیکەی تورکیا ئەوەیە کە هێزە کوردسییەکان لەدژی یەکتری بەکاربێنێت و لە کوردستان شەڕێکی ناوخۆیی بەرپا بکات.

ئامانجی داگیرکەران ئاشکران و هێرشەکانیان بەردەوامن. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ئەو راستییە بزانن و لە دژی ئەو هێرشانە راوەستن. پێویستە گەلی کوردستان بە هەموو شێوازێک خاوەندارێتی لە هێزە بەرگریکارەکانی بکات و هاوسەنگەری جەنگاوەرانی ئازادی بێت. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەنییە قسە لەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکان بکەین و قووڵیان بکەینەوە. ئەمڕۆ رۆژی بەرگریکردنە. پێویستە یەکڕیزی خۆمان بەهێز بکەین و بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ هەموو بەیەکەوە لەبەرامبەر هێرش و پیلانەکانی دوژمنان راوەستین.

لەو بارەیەوە کۆبوونەوە ئەم بانگەواز و خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتیی ئەخاتە روو:

1.  کۆبوونەوە پشتگیریی خۆی بۆ بەرخۆدەران رائەگەیەنێت و داوا لە هەموو هێزو رێکخراوە کوردستانییەکان ئەکات لە دژی هێرش و داگیرکاریی بوەستن و لە پاراستنی کوردستاندا جێگەی خۆیان بگرن.

2.  هێرش لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە، ئامانج تیایدا داگیرکردنی باشووری کوردستانە. کۆبوونەوە بانگەوازیی لە هەموو هێزە کوردستانییەکان ئەکات ئەو راستییە ببین و رێگا بۆ داگیرکەران خۆش نەکەن و هاوکاری داگیرکەر نەبن.

3.  کۆبوونەوە داوا لە دەزگا نێودەولەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، کۆمکاری عەرەبی و هەموو لایەنە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتییە دیموکرات و ئازادیخوازە جیهانییەکان ئەکات لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن.

4.  کۆبوونەوە بانگی هەموو گەلی کوردستان و دۆستانی خەڵکی کوردستان ئەکات بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ لە دژی هێرش و داگیرکاریی بێنە دەنگ و هەڵوێست بگرن.

 5.  کۆبوونەوە بڕیاری دا نامەیەکی تایبەت بۆ رێکخراوی دژی بەکارهێنانی چەکی کیمایی (OPCW7) بنێرێت و داوای لێبکات بەدواچوون و لێکۆڵیەنەوە لەو بارەیەوە بکات و رێگریی لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە بکات.

6.  کۆبوونەوە بڕیاری دا نامەیەکی تایبەت بۆ دەزگا نێودەولەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، کۆمکاری عەرەبی و هەموو لایەنە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان و هێزە جیهانییەکان ئەکات لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن.

7.  کۆبوونەوە بڕیاری دا کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستان کۆبوونەوە وەرزییەکانی خۆی دەستپێبکاتەوە و لە ئاستی جیهانیدا دیپلۆماسییەتی کوردستانی بەرەوپێشەوە ببەن".

ژ.ت