کۆنوکچو: ڕۆڵی پارتی چەپ لە سەردەمی نوێدا گرنگ و یەکلاکەرەوەیە

کەزبان کۆنوکچو کاندیدی پارتی چەپی سەوز لە ئیستەنبول وتی: "لە سەردەمی نوێدا پارتی چەپی سەوز دەبێتە ناونیشانی گۆڕین و گۆڕانکاری. لە سەردەمی نوێدا، ڕۆڵی ئێمە لە دژی فاشیزم یەکلاکەرەوە دەبێت."

کەزبان کۆنوکچو کاندیدی پەرلەمانی پارتی چەپی سەوز لە ئیستەنبول لەبارەی کارەکانی هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایارەرەوە وتی، "کاتێکی زۆر کەم بۆ هەڵبژاردنەکان ماوە. ئێمە مانگێک لەمەوبەر دەستمان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن کرد. لەبەر ئەوەی هاوکات بوو لەگەڵ مانگی ڕەمەزان دا، ئێمە بە هێواشی و لەسەرخۆ دەستمان پێکرد، بەڵام ئەوە بۆ ماوەی ۱۰ ڕۆژە لە هەڵمەت و پرۆسەکەی گەورەداین. پێش ئێستا دەستمان بە ناساندنی پارتی چەپی سەوز کرد. لەبەر ئەوەی وەک دەزانرێت، لەوانەیە هەدەپە دابخرێت، بۆیە ئێمە بە پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەین، بەڵام گەلەکەمان یەکسەر لە بارودۆخەکە تێگەیشتن و پشتیوانی و خاوەندارییان لە پارتەکەی خۆیان کرد. ئەوان زۆر باش دەزان چی بکەن و چۆن هەڵسوکەوت بکەن."

 کۆنوکچو ڕاشیگەیاند، ڕژێمی تاکە پیاو دەیەوێت کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە ئەنجام بدات و وتی، "گەلەکەمان دەزانن، کە ڕژێمی تاکە پیاو بەرەو ڕووخان دەڕوات و هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە هێرش دەکاتە سەر شوێنە جیاجیاکان، بەڵام دەبێت ئەم هێرشانە بەم شێوەیە ببینین. ڕژێمی ئاکەپە، کە لە ٧ی حوزەیرانەوە دەسەڵاتەکەی لاواز بووە و ئەویش بۆ مانەوەی خۆی لەسەر کورسی و دەسەڵات هەمیشە هێرش دەکاتە سەر پارتەکەمان و دیموکراسی".

کۆنوکچو ئاماژەی بەوەکرد، هیوایەکی گەورە لەنێو ژنان و گەنجاندا هەیە و وتی، "گەلە ڕەنجدەرەکەمان باش ئاگاداری ئەم قەیرانە ئابوورییە. لەم بارودۆخەی هەژاری، هەڵاوسان و بێکاریدا، زۆر باش دەزانن، کە بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە پێویستە ڕێگا بۆ گۆڕین و گۆڕانکاری بکرێتەوە. ئێمە لە ئیستەنبوڵ ۱۲ پەرلەمانتارمان هەیە. ئامانجی پارتەکەمان ناردنی ۱۰۰ نوێنەرە بۆ پەرلەمانی لە تورکیا، بۆیە هەوڵ دەدەین لە ئیستەنبوڵ ٢٠ پەرلەمانتار ڕەوانەی پەرلەمان بکەین. بەپێی ئەو ئامار و ڕاپرسییانەی لە بەردەستماندان، ئێمە بە ئاسانی ١٦ – ١٧ پەرلەمانتار لە ئیستەنبولەوە رەوانەی پەرلەمان دەکەین. ئێمە ئەو لایەن و حیزبەین، کە لە بەرامبەر هیچ یەک لە گوشارەکاندا سەر دانانەوێنین. بە دڵنیاییەوە پارتی چەپی سەوز لە دژی فاشیزم کلیلی گۆڕین و گۆڕانکاری دەبێت. بە دڵنیاییەوە ئێمە لەگەڵ کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و گەنجان دا گۆڕانکارییەکی تەواو پێکدەهێنین."

ژ.ت