"کەس ناتوانێت دەنگی ڕاستی کپ بکات"
مەکەگە و دەفەگە هێرشی سەر ڕۆژنامەوانیان شەرمەزار کرد و گوتیان: "ئازادی چاپەمەنی یەکێکە لە پایەکانی کۆمەڵگەی دیموکرات. هیچ فشار و هەڕەشەیەک ناتوانێت ڕۆژنامەوانانی ڕێگەی حەقیقەت و ڕاستی کپ بکات".
مەکەگە و دەفەگە هێرشی سەر ڕۆژنامەوانیان شەرمەزار کرد و گوتیان: "ئازادی چاپەمەنی یەکێکە لە پایەکانی کۆمەڵگەی دیموکرات. هیچ فشار و هەڕەشەیەک ناتوانێت ڕۆژنامەوانانی ڕێگەی حەقیقەت و ڕاستی کپ بکات".
دەوڵەتی تورک لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە سلێمانی ئۆتۆمبیلێکی ڕۆژنامەوانانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە ڕۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەوان ڕێبین بەکر (٣٠ ساڵ) خەڵکی سلێمانی کە بەرپرسی میدیای دیجیتاڵی دەزگای چەترە، بریندار بوو.
کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگە) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە فورات (دەفەگە) بە ڕاگەیاندراوێک هێرشەکەیان شەرمەزار کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەمە یەکەمین هێرش نییە لە سلێمانی دژی ڕۆژنامەوانان ئەنجام بدرێت، لە ٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی و ئەکادیمیسیان و ڕۆژنامەوان ناگیهان ئاکارسەل لەڕێگەی هێرشی چەکدارییەوە لەبەردەم ماڵەکەی کوژرا".
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات لە ٢٠ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە دێرکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار، عیسام عەبدوڵا و ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣ کەس برینداربوون.
هەروەها لە ٢٤ ی ئاب لەسەر ڕێی قامیشلۆ-عامودا ئۆتۆمبیلی ژن تیڤی کرایە ئامانج و نەجمەدین فەیسەڵ حاجی گیانی لەدەستدا.
لە ٨ ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە شەنگال لە هێرشێکدا پەیامنێری چرا تیڤی موراد میرزا ئیبرایم گیانی لەدەستدا، خەباتکاری چرا تیڤی مەدیا حوسەین و خەڵەف خدر بریندار بوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " ئازادی چاپەمەنی یەکێکە لە پایەکانی کۆمەڵگەی دیموکرات. هیچ فشار و هەڕەشەیەک ناتوانێت ڕۆژنامەوانانی ڕێگەی حەقیقەت و ڕاستی کپ بکات".
هەروەها دەڵێت: "ڕۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و عیسام عەبدوڵا و نەجمەدین فەیسەڵ حاجی و موراد میرزا ئیبراهیم بۆ گەیاندنی ڕاستی بە کۆمەڵگا، بەشێوەیەکی فیداکارانە کاریان کردووە و لەم پێناوەدا گیانیان بەخشی. بە قەڵەم و کامێراکانمان یادیان زیندوو ڕادەگرین".
مەکەگە و دەفەگە بانگەواز لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، تاوانباران بێ سزا دەرباز نەبن. هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەن، دەڵێن: "سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ یادی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و عیسام عەبدوڵا و نەجمەدین فەیسەڵ حاجی و موراد میرزا و ناگیهان ئاکارسەل".