کەسکین: هێشتا لە پلانی چاکسازی ساڵی ١٩٢٥ دەژین و هیچ نەگۆڕاوە

هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ÎHD، ئەرەن کەسکین لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی گشتی ئەستەنبوڵ گوتی: "پەیوەست بە پرسی کورد و کوردستان هێشتاش لە پلانە چاکسازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ساڵی ١٩٢٥ دەژین و هیچ نەگۆڕاوە".

لقی ئەستەنبوڵی ÎHD لە ژووری ئەندازیارانی میکانیکی لە ناوچەی بیۆگلو کۆبوونەوە، لە هۆڵەکەدا کۆمیتەکە لافیتەکان هەڵواسرابوون بە درووشمی "بمرێت گۆشەگیری، بژی تێکۆشان"، "کۆمەڵگەی مەدەنی کپ ناکرێت"، "هەمووان جیاوازن، هەمووان یەکسانن"، هاوسەرۆکی گشتی ÎHD لە ئەستنەبوڵ ئەرەن کەسکین و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە موسا بیرگوڵ و ژمارەیەک بەرگریکاری مافی مرۆڤ بەشداربوون.

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان دەستیپێکرد بۆ گیانی ئەوانەی لە تێکۆشانی مافی مرۆڤ گیانیان لەدەستداوە، پاشان هاوسەرۆکی گشتی ÎHD لقی ئەستەنبوڵ، گوڵسەرین یولاری قسەی کرد و ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەت گرت بەرامبەر بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و گوتی، حکومەت دەیەوێت "پاکانە بکات" بۆ فشارەکان و وەک شتێکی ئاسایی پیشانی بدات، دووپاتی کردەوە لە ٢٠١٥ ەوە حکومەت هیچ یاسایەک ناناسێت و لەڕێگەی OHAL  ەوە وڵات بەڕێوە دەبات.

هاوسەرۆکی گشتی ÎHD ئەرەن کەسکین باسی لەوە کرد، ئایدیای دامەزراندنی دەوڵەت بەسەریاندا سەپێنراوە، ئاماژەی کرد بە ڕێککەوتنەکانی کاتی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن: "کاتێک دەور دەدرێیت بە بەرگریکارانی ئایدۆلۆژیای دامەزراندنی دەوڵەت، هیچ ئومێدێک نامێنێتەوە، چونکە ئەگەر ئەم دەوڵەتە نەگۆڕێت، هیچ ناگۆڕێت. ئەم دەوڵەتە بەرهەمی زیهنیەتی ئیتیحاد و تەرەقییە کە کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە، پەیوەست بە پرسی کورد و کوردستان هێشتاش لە پلانی چاکسازی ڕۆژهەڵاتی ساڵی ١٩٢٥ دەژین، هیچ شتێک نەگۆڕاوە بۆیە دەڵێم ئەمە دووپات بکەمەوە، مشتومڕەکان تەنها دەربارەی ڕژێمەکەی ئەردۆگان و پرۆژەکەی دەکرێت، دەوڵەتمان بیرچۆتەوە، دەوڵەت هەردەم خراپ بووە و ئێستا خراپتر بووە. نابێت ئومێد لەدەست بدەین، چونکە ئێمە بەردەم دژی ئەم دەوڵەتە تێکۆشاوین. ئێمە دەزانین کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئەرکی گەورەی لەئەستۆیە، تا ئێستا کۆمەڵەکە دژی ئایدۆلۆژیای فەرمی وەستاوەتەوە، لەسەر ئەم جوگرافیایە و یەکەمجار ÎHD لە ئەستەنبوڵ داوای کرد: "گەواهیدەرانی کۆمەڵکوژی ١٩١٥ لێبووردن بخوازن" ئەمڕۆ ناومان لەسەر مۆنۆمێنتی کۆمەڵکوژی یەریڤان نوسرا، ئەمە بۆ ئێمە شانازییە".

پاشان ڕاپۆرتەکانی دوو ساڵی ڕابردووی کارکردن لەلایەن ئەندامی ÎHD، خەدیجە کورکوماز خوێنرایەوە، پاشان گوڵسەرین یولار و ئۆیا ئاتامان، سەمیرە یەڵماز و زوهرە یەڵماز و خانم توسون و لیمان یورتسیڤەر و محەمەد ئەجیتین وەک ئەندامی سەرەکی کۆمیتەکە هەڵبژێردران، لقی ئەستنەبوڵی کۆمەڵەکە ڕایگەیاند، سبەی ناوی هاوسەرۆکان ئاشکرا دەکرێت.