لە دێرسیم بە پاساوی گۆرانی کوردی سزا بەسەر ٥ سیاسەتمەداردا سەپێنرا
١٠ مانگ سزای زیندانی بەسەر ٥ سیاسەتمەدار سەپێنرا کە لە "ڕێپێوانی مەزنی ئازادی" بەدەم گۆرانی کوردییەوە هەڵپەڕکێیان کردووە.
١٠ مانگ سزای زیندانی بەسەر ٥ سیاسەتمەدار سەپێنرا کە لە "ڕێپێوانی مەزنی ئازادی" بەدەم گۆرانی کوردییەوە هەڵپەڕکێیان کردووە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ٨ ی شوباتی ٢٠٢٤ لە دێرسیم "ڕێپێوانی مەزنی ئازادی" ئەنجامدا. بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە بۆ ڕێکخستن" دۆز دژی ٥ کەس کرایەوە. دانیشتنی دۆزەکە بەڕێوەچوو. دۆزی هاوسەرۆکانی پێشووی شارەکە، ئەسما عەتاش و ئۆزجان گورتەش، هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم بیرسەن ئۆرهان کە قەیوم لە جێگەی دانراوە، نازلی ئۆز چەلیک و ئۆزەر لاچین، لە دووەمین دادگای سزای قورسی دێرسیم بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەکەدا دیسانەوە داواکاری گشتی تۆمەتی "هەستی ڕقئامێز و دوژمنانە، ئەو گۆرانییانەی کە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیستەمی جەماوەریمان تێکدەدا، گوتراوە" خستەڕوو. داواکاری گشتی داوای کرد بە تۆمەتی "پرۆپاگەندەی ڕێکخستن" سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.
پارێزەران ڕایانگەیاند چالاکی پارتە سیاسییەکە وەک تاوان نیشاندراوە و داوای بێتاوانیان بۆ موەکیلەکانیان کرد. پارێزەران جەختیان کردەوە، هێزە ئەمنییەکان، گۆرانییەکانی " Berxwedan xweş doz e" و " Herne Pêş"یان بە (گوگڵ ترانسلەیت) وەرگێڕاوە، وەرگێڕانەکەی هەڵەیە.
پارێزەران گوتیان ئەمانە گۆرانیی فۆلکلۆریین و لە چەندین ئاهەنگ و چالاکییدا دەگوترێنەوە.
دادگا سزای ١٠ مانگ سزای زیندانی بەسەر هەریەکەیان سەپاند و بڕیاریدا بە دواخستنی سزاکە.