بە دیمەن

لە دویسبۆرگ بۆ شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد پرسەی سەرەخۆشی دانرا

بنەماڵەی تارا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکران لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا پرسەی سەرەخۆشیان قبووڵ کرد.

لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی سەیدسادقی شاری سلێمانی شەهیدکران، پرسە سەرەخۆشی دانرا. مەراسیمەکە لە ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی دویسبۆرگ و مەجلیسی ژنانی ئاسیا یوکسەل بەڕێوەچوو، خوشکی گەورەی گوڵستان تارا، ئولکەم ئیسەن بەشداری مەراسیمەکە بوو.

زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و نوێنەری ڕێکخراوەکان بەشداری مەراسیمەکە بوون، وێنەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین هەڵواسران.

ڕۆژنامەنووس ئایسەل ئاڤێستا ڕایگەیاند هەڤاڵەکانمان لە هەموو هەلومەرجێکدا دژی فاشیزم تێدەکۆشن، گوتی: "لە ئەنجامی هەواڵگری خیانەت و هێرشی دەوڵەتی تورک شەهیدکران، وەک هەڤاڵە ڕۆژنامەنووسەکانیان، پێنووس و کامێراکانیان بۆ حەقیقەت بەکاردەهێنین. بەرامبەر هەموو هێرشەکانی دوژمن دەوەستینەوە".

خوشکی گوڵستان تارا ئولکەم ئیسەن، گوتی: "گوڵستان زۆر دڵسۆزی دۆزەکەی بوو، هەرگیز سازشی لێ نەدەکرد. شەرەفمەندم کە هەڤاڵەکانتان و ڕای گشتی بەم جۆرە خاوەندارێتیان لێ کردن".

زاوای گوڵستان تارا، ئیدریس ئیسەن ڕایگەیاند تێکۆشان و ڕەنجی گوڵستان تارا بۆ ئەوان شکۆیەکی مەزنە و لەو ڕێگەیەدا بەرخۆدان دەکەن.

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی دویسبۆرگ، یەڵماز ڕۆنی گوتی: "هەڤاڵەکانمان لە ئەنجامی هاوکاری بنەماڵەی بارزانی بۆ دەوڵەتی تورک شەهیدبوون. پێویستە ئیتر ئەم خیانەتە ببینرێت".

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەگەڵ گوڵستان تارا خەباتیان کردووە و لە نزیکەوە دەیانناسی، قسەیان کرد و هەڵسەنگاندنیان بۆ خەبات و کەسێتی کرد.