بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی بڵاوکراوەتەوە، لە کۆی ئەو ٧ هاوڵاتیەی کە ڕۆژی دووشەممە لەم دوو گوندەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە، ٣ کەسیان لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئاشتیەوە زیندانی کراون.
دوای بڕیاری زیندانیکردن بۆ ئەو سێ هاوڵاتییە، نوێنەرانی گوندی ئاشۆت لە بەردەم قایمقامیەتی جۆلەمێرگ ڕاگەیاندراوێکییان خوێندەوە. عەبدولڕەحمان ئەجەر بە ناوی گوندنشینەکانەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم کردەوەیە بە تەواوی نایاساییە و وتی: "هیچ نیشانەیەکی برینداربوون لەسەر جەستەی ئەو کەسە نییە کە گوایە لێی دراوە، بە بیانووی فەرمانی هەندێک کەس ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی هەردوو گوندەکەمان ئەنجامدراوە، ٧ کەس لە کەسوکارمان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە، ئەم بڕیارە نە یاساییە و نە ویژدانیی. بەبێ هیچ بەڵگە و مۆڵەتێکی دادوەری، گوندەکانمان خراوەتە گەمارۆدانەوە."
ئاماژەی بەوەش دا، نابێ دەوڵەت و یاسا ببنە لایەنگری هیچ کەسێک، بەڵکو دەبێت پشتیوانی لە گەل بکەن و لە کۆتاییدا گوتی: "ناتوانن بە گوشار و ترس بێدەنگمان بکەن، تا کۆتایی بەرگری لە مافی گەلەکەمان دەکەین و هەرگیز پاشەکشە ناکەین."