لە کۆنیا بە شێوەیەکی نایاسایی رێگری لە ئازادبوونی ٧ زیندانیکراو دەکرێت

لە زیندانی ئەرغەلیی کۆنیا ئازادکردنی ٧ زیندانیکرا بە شێوەیەکی بێبنەما و نایاسایی بۆ ماوەی شەش مانگ دواخرا.

دەستەی کارگێڕی و چاودێری کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە ئامانجی گوشارخستنەسەر زیندانیان دامەزراوە، بە راپۆرتی هەڕەمەکی، بێبنەما و نایاسایی رێگریی لە ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسیانە دەکات کە ماوەی سزاکەیان تەواو بووە.

ئەرگین ئاڵتونتاش هاوسەرۆکی توئای-دەر لە چوکورۆڤا ناڕەزایەتی دەربڕی و ئەوەی خستەڕوو کە لە زیندانی ئەرغەلی کۆنیا لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تائێستا "پەشیمانبوونەوە" بەسەر ئەو زیندانیانەدا دەسەپێندرێت کە ماوەی سزاکەیان تەواوکردووە و لەبەر ئەوەی زیندانیان ئەوە رەتدەکەنەوە، رێگری لە ئازادکردنیان دەکرێت.

ئەرگین ئاڵتونتاش باسی لەوەکرد، کە ئازادکردنی ٧ زیندانیکراو بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە دواخراوە و دەستەی کارگێڕیی و چاودێیری خۆی لە جێگەی دادگا داناوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تائێستا لانیکەم ئازادکردنی ٣١٣ زیندانی زۆر جار بۆ ماوەی ٦ یاخود ٣ مانگ دواخراوە.

هـ . ب