هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و ئەشکەنجەی ئیمراڵی لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک شەرمەزارکرا. لە چالاکییەکەدا بە زمانی ئینگلیزی و دانیمارکی ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە.
لە چالاکییەکەدا گوترا: "هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە. پێویستە ڕێکخراوە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان، دەمودەست بکەونە جووڵە و هێرشە فاشیست و داگیرکارییەکان ڕاوەستێنن کە هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو و کیمایی تێدا بەکاردێت".
"هەتا شکاندنی گۆشەگیری و پاککردنەوەی کوردستان لە داگیرکەران، تێکۆشان مەزن دەکەین"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم پەیامە درا: "تا شکاندنی سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی و پاککردنەوەی هەر بستێکی خاکی کوردستان لە داگیرکەران پشتگیری گەریلا دەکەین. هەتا هەڵوەشانەوەی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی، تێکۆشانمان دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە و هێزە پیلانگێڕەکان مەزن دەکەین.
ئێمە هاوکاری و خیانەتی چەتەکانی بارزانی لە باشووری کوردستان شەرمەزار دەکەین و بانگەواز لە گەلی کورد و دۆستەکانیان دەکەین، دژی خیانەت بوەستنەوە. ئەنجامی خیانەت هەر شکستە. چونکە گەل دینامیکی پەکەکەیە، بە دینامیکی ناوخۆیی خۆی پێشکەوتووە و لەگەڵ گەلەکەی بووەتە یەک.
٥ ساڵە زانیاری دەربارەی ڕێبەرمان نییە و ئەمە نیگەرانمان دەکات، لەم چوارچێوەیەدا بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی دانیمارک و ڕێکخراوە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی دەکەین، دەستبەجێ ڕۆڵ بگێڕن".