لە کوردستان و تورکیا هێرشە داگیرکارییەکان و هاوکاری پەدەکە شەرمەزارکران

لە چەند شارێکی کوردستان و تورکیا هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و هاوکاری پەدەکە شەرمەزارکران.

سەمسور

ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپە و تەڤگەری ژنانی ئازاد لە سەمسور ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و هێرشە داگیرکارییەکان شەرمەزار کرد. درووشمی "بڵێ نا بۆ داگیرکاری و خیانەت" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەکە یوسف ئۆزپەرچن ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و هێرشەکەی شەرمەزارکرد.

بەدلیس

ڕێکخستنی دەم پارتی بەدلیس لە ناوچەی تەتوان هێرشەکانی سەر باشووری کورستانی شەرمەزار کرد. ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم بینای دەم پارتی خوێنرایەوە و چەندین کەس بەشداربوون. هاوسەرۆکی دەم پارتی بەدلیس فیکرەت بیرلک هێرشەکانی شەرمەزار کرد و گوتی ناهێڵین خاکی کوردستان داگیر بکرێت.

دێرسیم

ڕێکخستنی دەم پارتی دێرسیم دژی هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە. پۆلیس ویستی ڕێگری لە چالاکییەکە بکات، جەماوەر بە چەپڵەڕێزان ئاستەنگی پۆلیسی شەرمەزار کرد.

کەسێک کە ناڕەزایەتی پیشاندا لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا.

ئیستەنبوڵ

چالاکی ئێشکگری دژی قەیوم لە گۆڕەپانی شیشخانەی ناوچەی بیۆغلوی ئیستەنبوڵ ٣٩ ڕۆژە بەردەوامە، تێیدا هێرشی داگیرکەری تورک شەرمەزارکرا. نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون و درووشم  و پانکارت دژی داگیرکاری و خیانەت بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئیستەنبوڵ گۆنجا یانگۆز ڕایگەیاند هێرشی سەر دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد، گوتی: "هێرشە بۆ سەر ستاتۆی کوردستان. ئەم هێرشە ئاستەنگە لەبەردەم چارەسەری پرسی کورد".

"بمرێت خیانەت و هاوکاری"

هاووتەبێژی هەدەکە، جەنگیز چیچەک ڕایگەیاند دژی داگیرکردنی کوردستان بەرخۆدان دەکەن و ڕێگە نادەن خاکی کوردستان داگیر بکرێت، گوتی: "ئێمەی گەلی کورد لە تەواوی جیهان دژی داگیرکردنی کوردستان یەک دەگرین. بە تێکۆشان خیانەت دەشکێنین. بمرێت خیانەت، بمرێت هاوکاری".