لە کیلیس ٣ زیندانی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد

٣ زیندانی، کە لە زیندانی جۆری تیی کیلیس زیندانیکراون ڕایانگەیاند، لە دژی ئەشکەنجە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ئوگور تاشدەڤیرەن لە زیندانی جۆری تیی کیلیس زیندانیکراوە و بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ناوچەی وێرانشاری ڕحا قسەى کرد و باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە زیندانەکەدا کرد و ڕایگەیاند، لەگەڵ حسێن عوسمانپور و حسێن ئایدین دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

 تاشدەڤیرەن ڕایگەیاند، تەنیا چوار زیندانی سیاسی لە زیندانەکەدان و ڕاشیگەیاندووە، "بە فەرمانی سەربازی هەڵماندەستێنن و لەسەر پێ دەمانوەستێنن و دەمانژمێرن و ئەوەش بە زۆر و لە ژێر گوشاردا ئەنجام دەدەن".

تاشدەڤیرەن ئەوەشی ڕاگەیاند، پاسەوانەکان مانگێک پێش ئێستا پێیان وتین، "شتێکتان بەسەردا دەهێنین، کە کەس نایبیستێت و پێی نازانێت".

ڕاشیگەیاند، ئیحسان ئینچ مانگێک لەوە پێش لە زیندانی وانەوە بۆ کیلیس دورخراوەتەوە و بەبێ پاساو و هۆکار بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ خستیانە ژووری تاکەکەسی.

تاشدەڤیرین ئاماژەی بەوەکرد، بەرپرسانی زیندانەکە وتویانە، "سێ زیندانی دیکە، پێشتر دەنگیان نەبوو، لەوەتەى ئەمە هاتوە بۆ ئێرە، ئەمانیش داوای ماف دەکەن و سیستمەکەمان لێرە تێکدەشکێنێت، بۆیە خراوەتە ژووری تاکە کەسی.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی هەڤاڵەکەیان ئیحسان ئینچ نەگەرێندرێتەوە بۆ لایان و هەروەها سەپاندنی "ژماردن بەسەر پێوە بە فەرمانی سەربازی" کۆتایی پێنەهێنرێت، لە چالاکییەکەیان بەردەوام دەبن.

 تاشدەڤیرەن وتیشی: دوای مانگرتن لە خواردن حسێن عوسمانپور و حسێن ئایدین-یان خستووەتە ژووری تاکە کەسی و لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی و بەرپرسانی زیندانەکە پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکەن، مانگرتنەکەیان وەک "ڕۆژی مردن" بەردەوامە.

تاشدەڤیرەن داوای لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی پشتگیری لە زیندانیان کرد، شاندەکانیان بنێرنە زیندان و لەگەڵیان کۆببنەوە.

ژ.ت