لە لەندەن دژی بڕیاری لەسێدارەدانی ژنان چالاکی ئەنجامدرا

لە شاری لەندەن، دژی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەمەدی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە چالاکی ئەنجامدرا.

لە بەردەم ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، دژی بڕیاری لەسێدارەدانی چالاکوانانی مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، چالاکی ئەنجامدرا. چالاکوانان لەسەر بانگەوازی پەژاک کۆبوونەوە و بڕیارەکەی دەوڵەتی ئێرانیان شەرمەزار کرد.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دەستی پێ کرد، چالاکوانان پانکارتیان بە زمانی ئینگلیزی هەڵگرت بە نووسینی "شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی بپارێزە"، "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ئازادی".

دواتر ڕاگەیاندراوی پەژاک بە زمانی ئینگلیزی خوێنرایەوە، بڕیاری لەسێدارەدانی ژنان و ئازادیخوازان لە ئێران شەرمەزار کرا.

هەر لە چالاکییەکەدا ڕاگەیاندراوی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ئەنجوومەنی جڤاکی ئازاد لە بەریتانیا بە زمانی کوردی و ئینگلیزی خوێنرایەوە.