لە پاریس پەیوەست بە هەردوو کۆمەڵکوژییەکە ڕێپێوان دەکرێت

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکانی ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ و ٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بە داخوازی "دادپەروەری" و "شەفافیەت" ڕێپێوان ئەنجام دەدرێت.

لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە پاریس و لەیلا شایلەمز ئەندامی تەڤگەری گەنجان، لەلایەن هەواڵگری میتەوە تیرۆرکران. هەرچەندە بکوژی ئەم کۆمەڵکوژییە ناسراو بوو، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لە دۆزەکەدا نەبوو.

لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، دیسان لە پاریس لەبەردەم ناوەندی چاندی ئەحمەد کایا ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی)، لە تەڤگەری چاند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و وڵاتپارێزی کورد، عەبدولڕەحمان کیزیل تیرۆرکران.

تەڤگەری ژنانی کوردی فەرەنسا (تەژەکە-فە) و کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی فەرەنسا (جەدەکە-فە)، بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو ڕایانگەیاند، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکان و بە داخوازی دادپەوەری و شەفافییەت، ڕێپێوان ئەنجام دەدەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لەم کۆمەڵکوژییەدا، تێکۆشانی ژنی ئازاد کە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ئافرێنرا و بە ڕەنجی ئەڤینەکان گەیشتە هەڵمەتی "ژن، ژیان، ئازادی"، هەروەها وڵاتپارێزیی نموونەیی و پێداگری عەبدولڕەحمانەکان و چاندی کوردستان کە لە ئاوازی میردا دژی داگیرکەر دەبووە بەرخۆدان، کرایە ئامانج".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە فەرەنسا و دەوڵەتانی ئەوروپا دەکەن، بۆ ئەوەی مێژوویان و بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی نەکەونە ژێر پرسیارەوە، هەڵوێست وەربگرن و ڕێگە لە تیرۆرکردنی کوردان بگرن.

ئاماژە دەکەن بە هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد"، بەئەنجامگەیاندنی هەڵمەتەکە وەک تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان دەبینن و دەڵێن: " بانگەواز لە ڕای گشتی و دۆستەکانمان و گەلەکەمان دەکەین بۆ لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و کۆتایی هێنان بە هەڕەشە و تیرۆرکردنی کوردان.

لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کاتژمێر ١١ لە بەردەم  لە نوسینگەی زانیاری کوردستان، بە بەشداری گەلەکەمان لە فەرەنسا، یادی شەهید ئەڤین گۆیی و عەبدولڕەحمان کیزیل و میر پەروەر دەکەینەوە. لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە بەشداری گەلەکەمان لە ئەوروپا و دۆستەکانمان کاتژمێر ١٠ لە (Gare du Nord) کۆدەبینەوە.

لە ٦ی کانوونی دووەم، وەرن بەرامبەر دوژمنی کوردان و هاوکاری بکوژان، ببینە دەنگی سارا و ڕۆژبین و ڕوناهی و ئەڤین و میر و عەبدولڕەحمان. وەک تەژەکە-فە و جەدەکە-فە، دەست دەکەین بە خەباتی شەرمەزارکردن و لێپرسینەوە لە هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس".