لە پێناو مەخموردا لە بێرن چالاکی نافەرمانی مەدەنی بەڕێوەچوو

گەنجانی کورد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە بێرنی پایتەختی سویسرا لە دژی گەمارۆدانی مەخمور چالاکییەکیان ساز کرد.

گەنجان رایانگەیاند کە ئەوان گەمارۆدانی مەخمور قەبوڵ ناکەن و لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق بە دروشمی "مەخمور کەمپ و هەوارگەی ژیانە، لە دژی داگیرکردنی ژیان هەڵسە سەرپێ" چالاکییان کرد.  

گەنجان کە چالاکی نافەرمانی مەدەنییان سازکرد، ئەم راگەیەندراوەیان دا:

"ئێمە وەک گەنجانی کورد هەنگاو بۆ دواوە نانێین. ئێمە شان بە شانی گەلەکەمان لە مەخمور وەستاوین. ئەمە بڕیاری گەلە. ئێمە لێرە خۆڕاگری دەکەین. ئێمەش وەک گەلی مەخمور دەجۆڵێینەوە و ئیرادەی خۆمان نادەینە بەدەستەوە. ئیرادەی خۆمان رادەستی دەوڵەتی تورک نەکرد و رادەستی دەوڵەتی عێراقیشی ناکەین. لەبەر ئەوە ئێمە لێرەوە بانگەواز دەکەین. ئەو گەمارۆدانە کە لەهەمان کاتدا پڕۆژەیەکی چەپەڵی دەوڵەتی تورکە، بە واتای گەمارۆدانی هەموومان دێت. بەرخودان بەرامبەر بە گەمارۆدان بە واتای ژیان دێت. ئێمە سەردەکەوین. رۆژئاوا و شەنگال سەرکەوتن، مەخموریش سەردەکەوێت".

سەربازانی سوپای عێراق لە ٢٠ی ئایاردا بە دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، چەکی قورس، شۆفڵ و تەلەوە ویستیان چواردەورەی کەمپی مەخمور بگرن. گەل بەرامبەر بە هەوڵەکانی گەمارۆدان خۆڕاگری کرد، سوپای عێراقی بەزاند و لە خێمەکاندا دەستی بە ئێشکگری کرد.

هـ . ب