کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپا لە سەرەتای هەفتەوە لە ستراسبۆرگ دەستی پێکردووە و لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا کرا. ناچۆ سانچێز ئامۆر ریپۆرتەری تورکیا لە دانیشتنەکەدا ڕاپۆرتی پێشهاتەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپای پێشکەشکرد و وتی: "ڕۆڵی جیۆپۆلەتیکی تورکیا هەرچییەک بێت، یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە پێشێلکردنی ئازادییە بنەڕەتەییەکان بێدەنگ نابێت".
ناچۆ سانچێز ئامۆر ناڕەزایی دەربڕی، کە تورکیا ڕۆڵی جیۆپۆلەتیکی خۆی بۆ ڕۆژئاوا وەک دەرفەتێک و پاساوێک بەکاردەهێنێت و سیاسەتێکی هێرشبەرانە پەیڕەو دەکات.
ناچۆ سانچێز ئامۆر ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک دۆخی جیۆپۆلەتیکی خۆی دەکاتە لەمپەر و قەڵغان بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و وتی: "لە ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکەدا دۆخی کارەساتباری ستانداردە دیموکراتییەکانی لە تورکیا خراوەتەڕوو".
دواخستنی بە ئەنقەست
سانچێز ئاماژەی بەوەدا ئاستی دیموکراسی لە تورکیا زۆر کەم و لاوازە و وتی: "دۆخی تورکیا پەیوەندیی بە دواخستنی بە ئەنقەستەوە هەیە".
ریپۆرتەرەکە ئاماژەى بەوەکرد، لە ماوەی چەند مانگێکدا سێیەمین پارتی گەورەی ئەو وڵاتە بە ناوی هەدەپە، کە زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە و زیاتر لە ١٠٠ شارەوانیی بەدەست هێنابوو بە "نایاسایی" ڕاگەیەندرا.
ناچۆ سانچیز ئامۆر ڕاشیگەیاند، دەوڵەتی تورک شەرێ ڕووسیای بۆ سەر ئۆکراین بۆ خۆی کردووەتە هەلێک تاوەکو درێژە بە سیاسەتە هێرشبەرانەکانی بدات.
کێشەی تورکیا لەگەڵ فینلاند و سوید نییە و کێشەی لەگەڵ دیموکراسیدا هەیە
ناچۆ سانچێز ئامۆر وتی: "شەڕ دەرفەتی ئەوەی بۆ تورکیا ڕەخساندوە، کە خۆی وەک ئەکتەرێکی ئەمنیی گرنگ پێشکەش بکات".
ئامۆر باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتی تورک سزاکانی سەر ڕووسیای پێشێلکردووە و وتی: "کلێپتۆکراتی ڕووسی (دزە باڵادەستەکانی ڕووس) مافی وەبەرهێنانیان لە کەنارەکانی تورکیا پێدراوە، ژمارەی گەشتەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا بەشێوەیەکی ئاشکرا لەزیادبووندایە و کریدیت کارت بەهەزاران هاووڵاتیی ڕووس دەدرێت".
ئامۆر ئاماژەی بەوەدا، ئەم کارانە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ڕووسیایە و ناڕەزایەتیی بەرامبەر ئەوە نیشاندا، کە "بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە" داوای ئەندامبوونی سوید و فینلاندی بۆ ناتۆ ڤیتۆ کردووە. ڕاشیگەیاند، کێشەی تورکیا لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە نییە، کێشەی تورکیا لەگەڵ دیموکراسیدایە.
تورکیا سیاسەتی داگیرکاری بەڕێوەدەبات
ناچۆ سانچێز ئامۆر ریپۆرتەری یەکێتیی ئەوروپا تیشکی خستە سەر سیاسەتی شەڕی دەوڵەتی تورک و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان لە پێگەیەکی داگیرکاریدایە و سیاسەتی داگیرکاری بەڕێوەدەبات.
سیریزا: پێویستی بە هەڵوێستی بەهێز لە دژی ئەردۆغان هەیە
دیمیتریۆس پاپادیمۆلیس سەرۆکی شاندی سیریزا مافی قسەکردن لەسەر بەرنامە و رۆژەڤی سەر تورکیا پێدرا و وتی: "ئەگەر دیموکراسیمان لە تورکیا بوێت پێویستمان بە هەڵوێستی بەهێزە لە دژی ئەردۆغان".
ئەندرۆولاکیس: پێویستە گەمارۆی چەک بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت
هەروەها نیکۆس ئەندرۆولاکیس ئەندامی پارتی پاسۆک لە پەرلەمانی ئەوروپا، داوای سەپاندنی گەمارۆی چەکی بە سەر تورکیادا کرد.
نیکۆس ئەندرۆولاکیس وتی: "نابێت یەکێتیی ئەوروپا ئەو هەڵانەی بەرامبەر بە پوتین کردی بەرامبەر ئەردۆغان دووبارەی بکاتەوە. پێویستە ڕێبازی دژی بەو کەسانە، کە لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکان وەستاونەتەوە و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکەن وەک یەک بێت".
پێشبینی دەکرێت ڕاپۆرتەکە ڕۆژی سێشەممە پێشکەشی ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپا بکرێت و دەنگدانی لەسەر ئەنجام بدرێت.
ژ.ت