ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران ئاماژەی بەوەدا، سێ شۆفێری بارهەڵگری کورد بە ناوەکانی سادق محەمەدی، کاوە مورادیان و ڕزگار مورادی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر کران.
لە هەواڵەکەدا هاتووە: "ئەو سێ شۆفێرە کوردە لە لایەن دادگای شۆڕشی سنە هەر یەکەیان سزای یەک مانگ زیندانیکردنیان بە سەردا سەپێندرا و ڕەوانەی زیندانی سنە کران. دوو شۆفێری دیکەی کورد بە ناوەکانی زانکۆ رۆستەمی و حەمید لە شارۆچکەی دێهگولانی سەر بە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کران و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە."
ماوەی حەوت ڕۆژە لە سەرانسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆفێرانی بارهەڵگر دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی کەمکردنەوەی پشکی دیزل، بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە، نرخی کەمی بارهەڵگر، بەرزبوونەوەی تێچووی چاودێری ئۆتۆمبێل و نەبوونی ئاسایشی پێویست.