بە دیمەن

لە ئەوروپا سڵاو لە "ئێشکگری ئازادی" کرا و نادادییەکانی ئیمراڵی شەرمەزارکرا

کوردستانی و دۆستەکانیان لە چەند شارێکی ئەوروپا بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و ئەشکەنجە و نادادی ٢٥ ساڵە لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕژانە گۆڕەپانەکان و سڵاویان لە ئێشكگری ئازادی کرد کە لە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٢ ـەوە لە ستراسبۆرگ ئەنجام دەدرێت.

12 هەمین ساڵیادی ئێشکگری ئازادی

لە چەند شارێکی ئەوروپا بەبۆنەی ١٢ هەمین ساڵیادی چالاکی ئێشکگری ئازادی بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوان و گردبوونەوە و ڕاگەیاندراوی جەماوەرییان ئەنجامدا.

دوڵسدۆرف

لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا ڕێپێوانێک لەلایەن فەد-مەد ڕێکخرا، سەدان کوردستانی و دۆستەکانیان ئامادەبوون. لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی فەد-مەد ئەحمەد کۆبانێ تیشکی خستەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩ دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕایگەیاند هێزە نێونەتەوەییەکان ویستیان لە کەسێتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا گەلی کورد سزا بدەن و دیسانەوە پەیماننامەی لۆزان دووبارە بکەنەوە، گوتی: "ئەم چالاکییە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٢ لە ستراسبۆرگ بۆ تیشک خستنەسەر گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە و هێشتا بەردەوامە. لە جیهاندا هیچ چالاکییەک ١٢ ساڵ بەردەوام نابێت. گەلەکەمان ١٢ ساڵە لەبەردەم دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و دامەزراوەکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا ٢٤ کاتژمێر ئێشکگری ئەنجام دەدات".

ئەحمەد کۆبانێ ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر قەدەغەکردنی چالاکی گەلی کورد لە ستراسبۆرگ، ڕایگەیاند هێزە نێونەتەوەییەکان بەرپرسیارن لە سیستەمی گۆشەگیری سەر ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

کۆبانێ بانگەوازی لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەت سی پی تی کرد دەربارەی ئیمراڵی بکەونە هەوڵدان و گوتی: "تا ئازادبوونی ڕێبەر ئاپۆ، چالاکییەکانمان بەردەوام دەبێت".

فرانکفۆرت

بە پێشەنگایەتی فەجەدەکە-کاوە و یەکێتی ژنانی کوردی هەسەن لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا. ئاڵا و پانکارتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" هەڵگیرا.

لە ڕاگەیاندراوێکدا لەسەر ناوی فەجەدەکە-کاوە تیشکخرایەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پرسیار لە کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کرا: "ئەگەر بەڕاست دامەزراوەیەکی وەها هەیە، بۆچی ئەو ڕاپۆرتانە ئاشکرا ناکات کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لەسەر ئیمراڵی ئامادەی کردووە؟" ڕاگەیەندرا کە ئەمە بووەتە بەشێک لە سیاسەتەکانی گۆشەگیری دەوڵەت. گوترا: "تا ڕێبەر ئاپۆ ئازادی جەستەیی خۆی بەدەست دەهێنێت، لەگەڵ گەلەکەمان و دۆستەکانمان تێکۆشانی خۆمان فراوانتر دەکەین".

پاشان ڕاگەیاندراوی کۆنفیدراسیۆنی جڤاکە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (کۆن-مەد) خوێنرایەوە.

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.

ڤیەنا

لە شارەکانی ڤیەنا و گراز و لینز و ئینسبروکی نەمسا بە پێشەنگایەتی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئازادی نەمسا چالاکی ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکاندا سڵاوکرا لە ئێشکگری ئازادی و چالاکییەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شکاندنی گۆشەگیری. بانگەواز لە دامەزراوەکانی ئەوروپا کرا هەستیارانە مامەڵە بکەن لەگەڵ ئەم چالاکییەی ١٢ ساڵە بەردەوامە.

بانگەوازکرا نەبنە هاوبەشی ئەو تاوانەی لە کەسێتی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت، هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ چارەسەر.

لە چالاکیەکەدا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەرزکرایەوە.

لە چالاکییەکەی بەردەم پەرلەمان لە ڤیەنا، بەشداربووان پانکارتیان بە زمانی ئەڵمانی هەڵگرت بە نووسینی "گۆشەگیری بشکێنە، فاشیزم هەڵوەشێنە، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکە".

هێڵبرۆن

لە شاری هێڵبرۆنی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی فەد-گەل گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لەسەر ناوی فەد-گەل هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک مەسعود داگهان قسەی کرد. قوربانیانی ئاگرەکەی کوردستانی بیرهێنایەوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان کرد، گوتی: "پێکەوە ئێش و برینەکانمان ساڕێژ دەکەین".

داگهان تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو ئەو هێزانەی شەرمەزارکرد کە دەستیان هەبووە لە بنیاتنانی سیستەمی گۆشەگیری، گوتی: "بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین، دەنگی خۆیان هەڵبڕن و لەدەوری ڕێبەر ئاپۆ یەکبگرن".

لە چالاکییەکەدا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەرزکرایەوە.