لە ڕۆژێکدا لە قوبرس ٤ هەزار و ١١٠ واژۆ بۆ پەکەکە کۆکرایەوە

ستاندەکان لە شارەکانی لیماسۆل، لارناکا و نیکۆسیا ئامانجی رۆژانەیان بۆ کۆکردنەوەى واژۆ تێپەڕاند. ئایدین ئیلکەر ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی کورد لە قوبرس پیرۆزبایی لە هەڤاڵانی بەشداربووی لەو چالاکییەدا کرد و داوای گەورەبوونی کەمپەینەکەی کرد.

لە قوبرس کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە بۆ لابردنی ناوی پەکەکە لە لیستە قەدەغەکراوەکان بەردەوامیی هەیە و لە شارە جیاجیاکان دا ستاند بۆ کۆکردنەوەى واژۆ دادەنرێن.

ستاندەکانی واژۆکۆکردنەوە لە شارەکانی لیماسۆل، لارناکا، پاسۆس و نیکۆسیا دانران و چالاکییەکە سەرنجی زۆری خەڵکی قوبرس و گەشتیارانی ڕاکێشا و پێشوازییەکی گەرمیان لە چالاکییەکە کرد.

ئایدین ئیلکەر ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی کورد لە قوبرس لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە ٤ شاردا ستاند دانران و وتی: "ئامانجی ئەمڕۆمان کۆکردنەوەى ٤ هەزار واژۆ بوو، بەڵام بە هەوڵی هەڤاڵەکانمان ٤ هەزار و ١١٠ واژۆ کۆکرایەوە، بۆیە پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵە بەشداربووەکانم لەم چالاکییەدا دەکەم. هەموو هەڤاڵانی بەشدار بوو لە چالاکییەکەدا بە سەرسامییەکی زۆرەوە کار دەکەن. تاکە ڕۆژەڤ و ئەجندای ئێمە فراوانکردنی ئەم چالاکییەیە و ئەوەش پیرۆزترین ئەرکی ئەم سەردەمەیە".

ئیلکەر لە کۆتایی قسەکانیدا داوای فراوانکردنی کەمپەینەکەی لە هەموو گەلی کوردی شکۆمەند و دۆستانیان کرد.

ژ.ت