لە زیندانی دیلۆک هەڕەشەی کوشتن لە زیندانیان دەکرێت

شەعبان یەنەر لە زیندانی دیلۆک زیندانی کراوە وتی، هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن.

شەعبان یەنەر لە زیندانی جۆری ئێچ لە دیلۆک زیندانیکراوە و بە تەلەفۆن بە بنەماڵەکەی وتووە، هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە.

یەنەر ڕایگەیاند، پاسەوانەکان و بەرپرسانی زیندان بە ناوی گەڕان و پشکنینەوە هەڵدەکوتنە سەر قاوشەکان و هەڕەشەیان لێکدەکەن و وتی: "بە زۆر قاوشەکانمان دەگۆڕن و هەوڵ دەدەن ئێمە لە یەکتر جیابکەنەوە، چونکە زیندانیانی فەتۆ، داعش و تاوانبارانی ئاسایی دەهێنن بۆ قاوشەکانمان و ئیدی ئاسایشی ژیانمان لە قاوشەکانیشدا نەماوە. لەبەر ئەوەى ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین ئەوان توندوتیژیی جەستەییان بەرامبەر ئەنجام دەدەن و هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکەن. ئەگەر  شتێکمان بەسەر بێت، بەرپرسان و ئیدارەی زیندان لێی بەرپرسن".

یەنەر لە دژی ئەوەى، کە رێگایان پێنادرێت چاوپێکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسوکارەکانیاندا ئەنجام بدەن هەڵوێستێکی توندی وەرگرت و وتی: "ئەوان پەتای کۆرۆنا دەکەن بە پاساو، بەڵام بۆچی خۆیان کۆبوونەوە رێکدەخەن و لە کۆبوونەوەکاندا چا بەسەر ئامادەبوەکانیاندا دابەش دەکەن. ئایا لەو شوێنانە هیچ پەتایەک نییە؟ ئەگەر نەخۆشییەکە بە ناو مرۆڤەکاندا بڵاوبێتەوە و مرۆڤ لە یەکترەوە تووش ببن، ئەوا لەو شوێنانەشدا هەر مرۆڤەکان تووشی دەبن و دەیگوێزنەوە بۆ یەکتر. لە دەرەوە هەموو شوێنێک کراوەتەوە،  بەڵام کاتێک قسە دێتە سەر زیندانەکان دەڵێن، قەدەغەیە. بۆ ئەوان ئازادە، بەڵام بۆ ئێمە قەدەغەیە".

یەنەر ڕایگەیاند، ئیدی زیندانییە نەخۆشەکان ناتوانن پێداویستییە مرۆییەکانیان دابین بکەن، یان جێبەجێیان بکەن و وتی"پێویستە دەستبەجێ چارەسەریان بۆ بکرێت. زیندانیانی نەخۆش نابێت لە زینداندا بمێننەوە، بەڵام کە دێتە سەر زیندانیانی سیاسی ئازادیان ناکەن،  ئەمە قابیلی قبوڵکردن نییە".

ژ.ت