ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵیدایە، ٤١ مانگە لە ژێر گۆشەگیرییەکی رەهادایە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نیە. وێڕای هەموو ئەو سزا دیسپیلینانە ڕۆژ بە ڕۆژ ئایدیاکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ناو گەلانی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و بووە بە سەرچاوەی زانیاری بۆ چەندین دەزگا و دامەزراوەی مەدەنی.
ڕادیۆی ئۆندا دی-ئۆترۆی ئیتالییە کە لەساڵی ١٩٩٢ەوە بەشێوەیەکی نەریتی لە شاری بریشیا، بە بەشداری هونەرمەندانی ناوداری ئیتالیا 'فیستیڤاڵێ ١٨ رۆژە' سازدەکات. لە دوو ساڵی کۆتایی فیستیڤاڵەکەدا ڕۆژێک تەرخانکراوە بۆ ئاشناکردن و بڵاوکردنەوەی ئایدیاکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
دەمانەوێت کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجالان بگەیەنین بە گەلان'
لەم بارەیەوە میشێل بۆرا سەرنوسەر لە ڕادیۆی ئۆندا دی-ئۆترۆ بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا وەک ڕادیۆکەیان ماوەیەکی زۆرە گرنگی دەدەن بە بەشە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان کە لە تێکۆشاندان و وتی: "ماوەیەکی زۆرە ئاشنای تێکۆشانی گەلی کوردین و پشتگیرییان لێ دەکەین. لەسەر داوای نوسینگەی ئینفۆرمانسی کوردستانی ئیتالیا بڕیارێکی هاوبەشمان وەرگرت و لە ئەنجامی ئەوەدا ماوەی دوو ساڵە بە شێوەیەکی تایبەت بەشداری کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجالان بووین. وەک ڕادیۆ ماوەی دوو ساڵە هەم لە پەخشکردنەکانمان و هەمیش لە فێستیڤاڵدا پشتگیری دەکەین لە کەمپینی ئازادی ئۆجالان، هەوڵدەدەین کەمپینەکە بگەیەنین بە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە. وەک ڕادیۆ لەگەڵ هەموو بەشەکانی کوردستاندا لە پەیوەندیدایین. بە تایبەت لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان. لە ئێستا و داهاتووشدا لە پشتگیری گەلی کورد و ئازادی بۆ ئۆجالان دەبین. بۆیە ئایدییاکانی عەبدوڵا ئۆجالان ئاشنایە بۆ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئتیالی و لەناو کۆمەڵگەدا دەنگی داوەتەوە، وەک ڕادیۆیش ڕۆژانە و لە چالاکیەکاندا لەسەر ئەو بابەتە دەوەستین."
'ئۆجالان ڕێپیشاندەری تێکۆشەرانە'
لە بەردەوامی قسەکانیدا بۆرا ئاماژەی بەوەدا ئایدیاکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگە پیشانی ئەوان و هەموو بەشەکانی تێکۆشان دەدات و وتی: "پارادایمی ئۆجالان و تەڤگەری ئازادی کوردستان بۆ ئێمەی چەپ لە ئەوروپادا دەبێتە سەرچاوەی تێکۆشان. وەک چەپی ئەوروپا لە گفتوگۆی ئەوەداین کە لەکوێدا هەڵە و کەموکوڕیمان هەیە. لە ڕێگەی شیکارییەکانی ئۆجالان و ئەزموونی تێکۆشانی گەلی کوردەوە چارەسەری بۆ ئەو کەموکوڕیانەمان پەیدا دەکەین. یانی دەمەوێ بڵێم ئایدیاکانی ئۆجالان بۆ چەپی ئیتاڵیا و ئەوروپا دەبێتە سەرچاوەی سودلێوەرگرتن."
'بۆ شکاندی گۆشەگیری پێویستە تێکۆشانمان زیاتر فراوان بکەین'
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆرا باسی لە گۆشگیری ئیمراڵی کرد و وتی: "بێگومان گۆشەگیری سەر ئۆجالان و ٣ زیندانی دیکەی ئیمراڵی جێگەی قبوڵکردن نیە. بۆیە هەمیشە هەوڵدەدەین بارودۆخی گۆشەگیری ئیمراڵی بگەینین بە زۆرترین بەشی کۆمەڵگە، وەک ئەوەی لە فێستیڤاڵەکەدا دەیکەین. لەم ڕێگەیەوە هەوڵدەدەین پەیامی ئەوە بە حکومەتی ئیتالی بگەینین بۆ ئەوەی فشار لەسەر تورکیا و لەبارەی شکاندی گۆشەگیرییەوە هەوڵدانی هەبێت. بێگومان بۆ شکاندی گۆشەگیری، گرنگە خۆمان بگەیەنین بە زۆرترین بەشی کۆمەڵگا."