ناگیهان ئاکارسەل لەسەر گۆڕەکەی یادکرایەوە

ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی ناگیهان ئاکارسەل کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکرا، لەسەر گۆڕەکەی یادکرایەوە.

ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی ناگیهان ئاکارسەل لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکرا، لە دووەمین ساڵیادی شەهیدکردنی لەسەر گۆڕەکەی لە گوندی گولایزی ناوچەی جیهانبەلی کۆنیا یادکرایەوە.

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگە) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە) و پەرلەمانتاری دەم پارتی سەباحەت ئەردۆگان ساریتاش و هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئەنقەرە، وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی کۆنیا و ژنانی گوندەکە بەشداری یادەکە بوون. ژنان بە هەڵگرتنی پانکارتی "ژن، ژیان، ئازادی"  چوونە سەر گۆڕی ناگیهان.

پەرلەمانتار ساریتاش ڕایگەیاند ناگیهان ژیانی بۆ تێکۆشانی ئازادی کورد و بنیاتنانی ژیانی دیموکراتیک و ئازادی ژن تەرخان کرد، خاوەنی هەوڵ و تێکۆشانێکی جدی بوو، گوتی: "دەزانین ئەو زیهنیەتەی ناگیهانی شەهید کرد، هەمان زیهنیەتە کە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی شەهید کرد. زیهنیەتی چەوسێنەر و پیاوسالارییە. دیسانەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەو زیهنیەتە و هەموو هاوکار و هاوبەشەکانی ئەو زیهنیەتە شەرمەزار دەکەین".

ئاماژەی بەوە کرد سەرۆکی پێشووی هەواڵگری ئیسماعیل حەقی پەکین دانی ناوە بە تاوانە سیاسی و کۆمەڵکوژییەکانیان لە کوردستان و تورکیا، دانپیانەکان بەڕوونی دەستی میت لە شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل پیشان دەدەن، بەڵام بکەران و هاندەرانی ئەم کۆمەڵکوژییە ڕووبەڕووی هیچ لێپرسینەوەیەک نەبوونەتەوە. گوتی: "لێرەوە، دەڵێین تا هاندەر و هاوکار و چەوسێنەرەکان دادگایی نەکرێن و سزا نەدرێن، درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ئەوانەی لە تێکۆشانی ناگیهان دەترسین، لە پێنووسەکەی دەترسن، لە پێداگرییەکەی دەترسن کە لە تاریکییدا ڕووناکییە؛ دەبێت بترسن. بەڵێن دەدەین، دەست لە تێکۆشان ناگیهان هەڵناگرین، ئەو تێکۆشانەی کە ئەزموونی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان دەگۆڕێت بۆ یادەوەرییەکی کۆمەڵایەتی، نوێ دەکەینەوە و فراوانی دەکەین. ئێمە دەڵێین، ژن ژیان ئازادی".

پاشان ژنان گوڵیان لەسەر گۆڕی ئاکارسەل دانا، یادەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.