نەورۆزی ئیستەنبوڵ: پێویستە ڕێبەری گەلی کورد ئازاد ببێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە نەورۆزی ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند کلیلی چارەسەری پرسی کورد لە ئیمراڵیە و گوتی: "پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت".

ئاهەنگی نەورۆز لە ئیستەنبوڵ بە بەشداری سەدان هەزرا کەس بەڕێوەچوو، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان گوتی: "گۆشەگیری دەشکێنین و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد دەکەین".

باقرخان ڕایگەیاند پرسی کورد بە تفەنگ نا بە دیالۆگ چارەسەر دەبێت، گوتی: "دیسانەوە دەڵێین، کلیلی چارەسەری پرسی کورد لە ئیمراڵیە، هێشتاش لەگەڵ نەخشەڕێگای نەورۆزی ٢٠١٣ ی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانین".

باقرخان ڕایگەیاند ڕۆژی خاوەنداری لە زمانی دایک و مەزنکردنی تێکۆشانی هاوبەش و یەکێتی نەتەوەییە و گوتی: "ئەمڕۆ ڕۆژی کۆتایی هێنانە بە گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە".

هەروەها باقرخان تیشکی خستەسەر سیستەمی ئەشکەنجەی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیان، گوتی:"ناچارین ئەم سیستەمە سەروژێر بکەین، دەبێت بەڕێز ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد ببن". داوای کرد لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیالۆگ بکرێت و ئاشتی بێتەدی.

ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.