لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا رۆژ نییە دەوڵەتێک بە پێشێلکردنی پەیماننامەی جنێڤ تۆمەتبار نەکرێت، بەڵام بەهۆی تاوانەکان لە ئوکرانیا، غەززە یاخود لە کوردستان تائێستا لێپێجینەوە لە هیچ هێزێکی نێونەتەوەیی نەکرا. ماڵوحاڵی مەدەنیەکان بۆردومان دەکرێت، کەسانی مەدەنی دەکوژرێن، ژنان و منداڵان دەکوژرێن، خاکی وڵاتان داگیردەکرێن، ملیۆنان مرۆڤ ناچار دەبن زێدی خۆیان جێبهێڵن و کۆجبەری زۆرەملێیان بەسەردا دەسەپێندرێت، کەسانی تر لە شوێن و ناوچەکانی دیکەوە دەهێنن و لە شوێنە داگیرکراوەکاندا نیشتەجێیان دەکەن. ئەو شەرڤان و جەنگاوەرانەی لەکاتی شەڕدا بەدیل دەگیرێن رووبەڕووی ئەشکەنجەی قورس دەبنەوە، یاخود لە هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریدا زیندانی دەکرێن.
سەرباری هەموو ئەو رووداوانەش، ئێمە نابینین کە هیج دەوڵەتێک لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت. یاخود دەبینین دەوڵەت و ئەو رێکخراوانەی بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان، لە جێبەجێکردنیاندا جیاکاری دەکەن. لەبەرامبەر شەڕ لە ئوکرانیا باس لە یاسای نێونەتەوەییکرا، بەڵام لە بەرامبەر شەڕ لە کوردستان بێدەنگییەکی بێکۆتایی هەیە.
باشە بۆچی پەیمانی جنێڤ کە لەکاتی شەڕی جیهانی دووەمدا جێبەجێکرا و ئەمڕۆ بناغەی یاسا و مافەکانی مرۆڤ پێکدەهێنێت، بەس نییە؟ ئایا پەیمانی جنێڤ بۆ جیهانی مۆدێرن و ئەم سەردەمە گونجاوە؟ ئەوانەی لە شەڕی ئوکرانیادا یاخود لە شەڕی غەززەدا یاسای نێونەتەوەیی بەبیر دەهێننەوە، بۆچی بەرامبەر بەو شەڕەی لە کوردستان لە ئارادایە بێدەنگن؟ ئایا یاسای نێونەتەوەیی کۆمەڵگا بێدەوڵەتەکان ناپارێزێت؟ ئاستی ئەو شەڕەی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت لە یاسای نێونەتەوەییدا چییە؟ بۆچی تورکیا هەبوونی شەڕ لە کوردستان قەبوڵ ناکات؟ دۆخی زیندانیانی پەکەکە کە لە شەڕ لە دژی داگیرکەری تورکیادا گیراون چییە؟ گۆشەگیری لە ئیمراڵی کە زیاتر لە ٣ ساڵە بەڕێوەدەچێت لە یاسای نێونەتەوەییدا بە چ واتایەکە؟
سەبارەت بەو پرسیارانە کۆمیسیاری کۆمسیۆنی یاساناسە نوێنەتەوەییەکان مامۆستای یاسای نێونەتەوەیی لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی جنێڤ مارکۆ ساسۆلی روانگەی خۆی خستەبەرباس و وتی، دەبێت لە یاسا نێونەتەوەییە مرۆڤییەکاندا ناکۆکیە چەکدارییە نێونەتەوەییەکان لە نێوان دوو دەوڵەتدا و ناکۆکیە نێونەتەوەییەکان لە نێوان گروپێکی چەکدار و دەوڵەتێک جیا بکەینەوە.
مارکۆ ساسۆلی ئەوەی خستەڕوو کە لە نێوان ئۆکرانیا و روسیادا ناکۆکیەکی نێونەتەوەیی لەئارادایە و وتی، "لە فەلەستین پێکدادانێکی نێونەتەوەیی و لە غەززەش داگیرکەرییەکی سەربازی هەیە. لەلایەکی دیکەوە لە تورکیا شەڕێکی چەکداری هەیە کە نێونەتەوەیی نییە، بۆ نمونە لە نێوان پەکەکە و هێزەکانی دەسەڵاتی تورکدا لەئارادایە. تورکیا بەردەوام پێناسەی شەڕی چەکداری رەتدەکاتەوە و بانگەشە دەکات کە ئەو شەڕە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردایە. لەم خاڵەدا کەس کەس گوشار ناخاتە سەر تورکیا کە قەبوڵی بکات ئەوەی روودەدات شەڕی چەکدارییە".
ساسۆلی دەستنیشانی کرد کە بەوەش پەیماننامەی جنێڤ پێشێل دەکرێت و وتی، "پێشێلکارییەکان لە هەندێک بواردا دەگاتە ئاستی ئابڕوچوون. وەک راگەیاندن ئەرکی ئێوەیە کە دەبێت ئەو راستیە بگوازنەوە و لەو بڕوایەدام کە بەو جۆرەیە. بەڵام نابێت روانینێکی بەو جۆرە ساز بکرێت کە یاسای مرۆیی لە هەموو شوێنێک پێشێل دەکرێت. لە زۆر دۆخدا ئەو رێکخراوانە ناچارن یاسای مرۆیی جێبەجێ بکەن. زۆر هێز بوونیان هەیە لە رێز لەوە دەگرن. پێویستمان بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتان هەیە کە بە تەواوەتی رێز لەو پەیمانانە بگرن. سەرەتا دەبێت دەبڵ ستاندەری رەخنەکردنی پێشێلکاری لە وڵاتێک و رەخنەنەگرتن لە پێشێلکاری لە وڵاتێک دیکە خۆیان بەدور بگرن. بەداخەوە دەوڵەتان خاوەنی ئەو دەبڵ ستاندەریەن. بۆ نمونە هەندێک وڵات رەخنە لە روسیا دەگرن بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئوکرانیا. بێگومان لەو بابەتەدا مافدارن. بەڵام هەمان ئەو دەوڵەت و هێزانە لەبەر ئەوەی لە زۆر رووەوە چاولەدەستی تورکیان و پێویستیان پێیەتی، لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی بێدەنگ دەبن".
ساسۆلی ئاماژەی بەوەکرد کە هەبوونی تورکیا لە باکووری سوریا داگیرکەرییە و بەم جۆرە بەردەوامبوو، "لەبەر ئەوەی وڵاتێکی دیکەیە. بەڵام وەک ئێوەش دەزانن کوردستان وەک دەوڵەت نییە. مافی خۆبەڕێوەبردنی دەوڵەتان ئەو مافە بە کوردان دەدات کە داوای دەوڵەتێک بکەن، بەڵام تائێستا دەوڵەتێکی بەو جۆرە بوونی نییە. کاتێک نەبێتە دەوڵەت، هەبوونی تورکیا لە کوردستانیش وەک داگیرکەری دانانرێت. لەلایەکی دیکەوە، لە سوریا؛ تورکیا بە بێ رەزامەندی حکومەتی سوریا جێگیربووە. ئەوە داگیرکەرییە. لەبەر ئەوەی تورکیا کوردستان وەک بەشێک لە تورکیا دەبینێت، دۆخی ئەوێ بە داگیرکەری نابینرێت، سەرباری ئەوەی لە چوارچێوەی یاسادا هەبوونی تورکیا لە کوردستان لە چوارچێوەی یاسای داگیرکەریشدا نابینرێت، لەوەدا پێودانگەکانی مافەکانی مرۆڤ بەرکار دەبێت".
سبەینێ: گۆشەگیری ئیمراڵی و یاسای نێونەتەوەیی
هـ . ب