پارتەکانی سویسرا داوایان کرد فشار لەسەر دەوڵەتی تورک دروست بکرێت

پارتە سیاسی و رێکخراوە کوردستانی و تورکیەکان لە سویسرا لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد و ئۆپۆزسیۆن داوایان کرد، فشار لەسەر دەوڵەتی تورک دروست بکرێت.

پارتەکانی سۆلیداریتێس، سەوز، کرێکاران، جەدەکە – لۆزان، ئەنجومەنی ژنانی لاژین، ئی گە ئی فە و ئی تە ئی فە لە لۆزان کۆنفڕانسێکی هاوبەشی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

لە کۆنفڕانسەکەدا داواکرا، فشار لە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەگە بکرێت، توندوتیژیەکانی لەسەر گەلی کورد و ئۆپۆزسیۆن کۆتایی پێبهێنێت. هەروەها داوا لە دەوڵەتی سوریا و وڵاتانی ئەورۆپا کرا فشار لە سەر دەوڵەتی تورک دروست بکەن.

دەزگاکان باسی ئەوەیان کرد کە لە زیندانەکانی تورکیا بە هەزاران زیندانی سیاسی کورد بۆ کۆتاییهێنان بە فشارەکان و هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و چالاکیەکە ١١٨ رۆژە بەردەوامە.

ئەوەشیان خستەڕوو، فشارەکانی سەر هەدەپە کۆتاییان پێبهێنرێت، دەرفەتی سیاسەتی ئازاد بدرێت، پارێزبەندیەکەی فاروق عومەر گەرگەریئۆغلۆ بگەڕێندرێتەوە، نوێنەرانی گەل ئازاد بکرێن، بریاری کشانەوە لە پەیمانی ئەستەنبوڵ هەڵبوەشرێنرێتەوە، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە ئازاد بکرێن.

دوای ئاشکراکردنی داواکاریەکان، بانگ لە دەوڵەتی سویسرا کرا کە فشار لە سەر تورکیا دروست بکات.

ف.ق