چوار چەتەی داعش لە کەرکوک کوژران

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، لە بۆردوومانێکی فرۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی عێراق، چوار چەتەی داعش لە کەرکوک کوژراون.

ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، جێبەجێکردنی هێرشێکی ئاسمانیی سەرکەوتوو و وردی بە بەکارهێنانی فڕۆکەی ئێف ١٦ ڕاگەیاند، کە حەشارگەیەکی چەتەکانی داعشی لە چیای حەمرین لە کەرکوک کردە ئامانج. 

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "هێشتا کاری مەیدانی بەردەوامە بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بتوانن، پاشماوەکانی داعش بە سزای خۆیان بگەن، هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێکی چۆنایەتییدا بە پشتبەستن بە زانیاری دروست لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی و بەدواداچوونی ورد لەلایەن شانەی ئامانج لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هێزە ئاسمانییەکان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی ئێف ١٦، هێرشی ئاسمانی سەرکەوتوو و وردیان ئەنجامدا بۆسەر حەشارگەیەکی تیرۆریستانی داعش لە چیای حەمرین لە چوارچێوەی کەرتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک".

هەروەها دەستەی هەواڵگری سەربازی فەرماندەیی ئۆپراسێۆنە هاوبەشەکان ئاشکرای کرد، لە بۆردوومانەکەدا مەفرەزەیەکی چەتەکانی داعش کوژراون کە لە ٤ چەتە پێکهاتبوون.

جێگای ئاماژەیە، بەشی شانەی بە ئامانج گرتن لە هەواڵگری سەربازی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ، ڤیدیۆی بۆردوومانکردنی چەتەکانی داعشی بڵاوکردەوە.