بە دیمەن

پارێزەر ساریجا: ئەشکەنجە هەڵبگرن و دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە

لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە، ڕێزان ساریجا لە چالاکی "ئازادی" داوای کرد دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێتەوە و گوتی: " ئەشکەنجە هەڵبگرن و دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە".

بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەڵگرتنی گۆشەگیری و چارەسەر دیموکراتیکی پرسی کورد، لە ئامەد ڕاگەیاندراوێکی جەماوەری خوێنرایەوە. پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە، ڕێزان ساریجا ڕایگەیاند لە ساڵی ٢٠١٩ لەسایەی بەرخۆدانی گەلەوە لە ئیمراڵی دیدار ئەنجامدرا.

ساریجا ڕایگەیاند لەسایەی ئەم تێکۆشانە لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیداریان ئەنجامدراوە، گوتی: "لە دیدارەکان بینیمان، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەڵوێستی چارەسەری دیموکراتیکی خۆی پاراستووە، لەپێناو ئایندە متمانەی بەخۆیەتی و پڕ جۆشوخرۆشە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی".

ساریجا قسەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لە دیدارەکان بیرهێنایەوە کە گوتبووی "دەمەوێت جێگەیەک بۆ گەلی کورد بکەمەوە، وەرن پرسی کورد چارەسەر بکەین. من دەڵێم، دەتوانم لە هەفتەیەکدا ئەگەری هەڵگیرسانی  شەڕ بسڕمەوە. چارەسەر دەکەم، باوەڕم بە خۆمە و ئامادەم بۆ چارەسەر. بەڵام پێویستە دەوڵەتیش ئەوەی پێویستە بیکات".

ساریجا گوتی: "ئەوکاتەی هەرکەس بەدوای بەرژەوەندی تەسک و کاتی و سیاسییەوە بوون، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە گۆشەگیریی ئیمراڵییەوە پێشنیاری ئاشتی دەکرد. دەیگوت گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەتوانن بە ئاشتی بژین. بەڵام دەستی ئاشتی گەلی کورد لە بۆشایی مایەوە. پێویستە دەوڵەت دەست هەڵبگرێت لە نکۆڵیکردن لە کورد و حیساباتی سیاسی. پێویستە ستراتیژی ئاشتی پەیڕەوبکات. ئەشکەنجە هەڵبگرن و دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە. ڕەوشێکی دیموکراتیک بئافرێنن کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت تێیدا کاربکات".