پارێزەران بۆ بینینی ڕێبەری گەلی کورد سەردانی بەرپرسانیان کرد

پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جارێکی دیکە داوای بینینی موەکیلەکەیان کرد و بۆ ئەوەش سەردانی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمرالی-یان کرد.

سەردانەکە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەلایەن پارێزەران فایەق ئۆزگور ئەرۆل، ڕازییە ئۆزتورک، ڕێزان ساریجا و جەنگیز یورەکلی-یەوە ئەنجام درا.

لە سەردانەکەدا بۆ لای داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمرالی، داوای ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دووپاتکرایەوە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە، کە لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەییەدا رفێندرا، لە زیندانی جۆری ئێف-ی ئەمنیی ئاستبەرزی ئیمراڵی لە گۆشەگیرییەکی سەختدا راگیراوە.

دواینجار لە ٢٥ی ئازاردا لە رێگەى تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عەبدوڵا ئۆجالانەوە کرا، بەڵام پەیوەندییەکە لە کاتی قسەکردندا لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی تورکەوە پچڕێنرا و پەیوەندییەکە و قسەکانیش بە تەواونەکراویی مانەوە.

پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوای ٨ ساڵ لە ٢ و ٢٢ی ئایار و ١٢ و ١٨ی حوزەیران و ٧ی ئابی ٢٠١٩دا  توانییان سەردانی ئیمراڵی بکەن و چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت، بەڵام لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە هەموو داواکارییەکانی پارێزەران بێ وەڵام ماونەتەوە.

ژ.ت