پارێزەران پەیوەست بە دۆخی ئیمراڵی داوایەکی دیکەیان ئاراستەی سی پی تی کرد

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە سێ ساڵە ناتوانن زانیاری لەبارەیەوە وەربگرن، جارێکی دیکە کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی)یان بەسەرکردەوە.

نوسینگەی یاسایی سەدە بەمەبەستی بینینی موەکیلەکانیان رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش داواکارییەکیان ئاراستەی سی پی تی کرد.

لە دەقی داواکارینامەکەدا ئاماژە بە رووداوەکانی نێوان ١ی تشرینی ٢٠٢٣ و ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ کراوە.

هەرلە دەقی داواکاریینامەکەدا لە بارەی بابەتەکانی وەک "پچڕاندنی پەیوەندییەکان و بێ هەواڵ هێشتنەوە" واتە رێگریی سیستماتیک لە هەر جۆرە پەیوەندییەک، بومەلەرزە، مانگرتنەکان لە خواردن و بابەتەکانی دیکە داوای زانیاری کراوە.

لە داواکارییەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێشێلکارییە یاساییەکان بەرامبەر بە عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامن و باس لەوەکراوە، کە لە نێوان ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ و ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤دا لە ماوەی ٣ مانگدا ٢٦ داواکاری پارێزەران و ١٣سەردانی بنەماڵەکان، بۆ ئەنجامدانی دیدار بەرزکراونەتەوە و سەرجەمیان بێ وەڵام ماونەتەوە.

پارێزەران ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە یەک نامەشیان لە موەکیلەکانیانەوە بەدەست نەگەیشتووە و چارەنوسی ئەو نامانەش دیارنییە کە لەو سێ مانگەدا بۆ ئیمراڵییان ناردوون. پارێزەران باسیان لەوەشکرد کە لەبارەی مافی قسەکردن لە رێگەی تەلەفونیشەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک نەهاتووەتە ئاراوە.

لە داواکارییەکەدا پارێزەران ئاماژەی بەوەکرد کە عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٢ ساڵ و نیودا بە گشتی٥ جار دیداری لەگەڵ پارێزەران ئەنجامداوە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تەنیا ٥ جار چاوی بە بنەماڵەی کەوتووە و لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە رێگە بە ئەنجامدانی دیداری پارێزەران نەدراوە. لە ٣ی ئاداری ٢٠٢ بەدواوە بنەماڵەکانیش دیداریان ئەنجام نەداوە. پارێزەران لە بارەی موەکیلەکانی دیکەیان لە ئیمراڵی واتە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاشیش وتیان، "لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە ناتوانن دیدار لەگەڵ پارێزەریان ئەنجام بدەن. لە ماوەی ٧ ساڵدا بەڕێز کۆنار و ئاکتاش ٣ دیداریان لەگەڵ بنەماڵە، بەڕێز یڵدرمیش تەنیا دوو دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە. لە سەردانەکەی ٣ی ئاداری ٢٠٢٠ی بنەماڵەکان بەدواوە، تائێستا رێگە بە هیچ دیدارێکی دیکە نەدراوە.  

هەر لە داواکارییەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٨ەوە بە شێوەی سیستماتیک ئاستەنگی بۆ دیداری بنەماڵە و بەریکارەکان دروستدەکرێت، سێ مانگ جارێک واتە لانیکەم ١٨ "سزای دیسپلین" لەسەر یەک سەپێندراونەتەوە و بەم جۆرە بەردەوام بوون: "دوایین جار سێ مانگ سزای دیسپلین سەپێندرا. سەرباری تانەی ئێمەش ئەو سزایەی دیسپلین لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا لە ئەنجامی رەتکردنەوەی تانەکە لە لایەن دادگای سزای قورسی بورساوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. سەرەڕای ئەوەی سزای دیسپلین لە ١٩ی کانونی دوەمی ٢٠٢٤دا کۆتایهات، ماوەی ١٠ رۆژە وەڵامی سەردان و داواکاری بنەماڵەکان نادرێتەوە و بنەماڵەکان دیداریان ئەنجام نەداوە". پارێزەران لە سەردان و داواکرییەکەیاندا بۆ سی پی تی هێمایان بۆ ئەوەشکردووە، سەرجەم ئەو سزایانەی دیسپلین هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە و سەرجەمیان بڕیاری سیاسین.

پارێزەران لە داواکارییەکانیاندا بە بیریان هێنایەوە، کە وێڕای قەدەغە لە لایەن داواکاری گشتی بورسا و زیندانی ئیمراڵی دیداری موەکیلەکان لەگەڵ پارێزەرانیش بۆ شەش مانگ لەلایەن دادگای جێبەجێکردنی سزای بورساوە لە رێگەی چەند بڕیارێکەوە قەدەغەکراون.

لە داواکارییەکەدا پارێزەران راشیانگەیاندووە، کە لەدوای بوومەلەرزەکانی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣دا کە چەقی بومەلەرزەکان شاری مەرەش بوو، لە شەشی شوباتەوە تا ١٧ی شوبات هەموو رۆژێک پاڕێزەران و بنەماڵەکان بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار داواکارییان پێشکەش کردووە، بەڵام جەستیان کردووەتەوە کە هیچ وەڵامێک بەو داواکاریانەشیان نەدراوەتەوە. پاڕێزەران وتووشیانە، کە دادگای دەستووری هەمیشەییان بەسەرکردووەتەوە و هێشتاش سکاڵا و بەسەرکردنەوەکەیان بەردەوامە. پارێزەران ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە دوای بومەلەرزەکەی ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە گەملیک بۆ زانینی دۆخی موەکیلەکانیان داواکاریان بەرزکردووەتەوە، بەڵام داواکارییەکان بێ وەڵام بوون.

هەروەک روونیشیان کردووەتەوە کە بەهۆی ئەو بومەلەرزانەوە بنەماڵە و رای گشتیی دیموکراتیک نیگەرانیان لەلا دروست بووە و بەم جۆرە رایانگەیاندووە، "بەو هۆیەوە دەبێت لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لە بەرامبەر مەترسی بومەلەرزە و سۆنامیدا دەبێت رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر".

پارێزەران بە بیریان هێنایەوە کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە لە زیاتر لە ١٠٠ زیندانی تورکیا لە ئەنجامی وەرنەگرتنی زانیاری لەبارەی رێبەری پەکەکە و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی چەقبەستوویی و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد زیندانیانی سیاسی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن بە شێوەی نۆرەیی کردووە و لەو بارەوە رایانگەیاندووە، "لە بری ئەوەی ئەو داواکارییە دیموکراتیک و یاساییانە لەبەرچاوبگیرێن، ئەوە بینرا کە سزای دیسپلین بەسەر زیندانیاندا سەپێندرا.  نازانرێت ئاخۆ مانگرتنەکان لە خواردن کە تائێستا ماوەدیار و کاتین، لە ئەگەر جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان دەگۆڕدرێن بۆ چ شێوەیەکی دیکە. بەڵام وەک پێشتریش بینراوە، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێن، چالاکییەکان دەگوازرێنەوە بۆ قۆناغێکی نوێ. لەبەر ئەوە دەبێت هەنگاوی پێویست بنرێت.

لە بەردەوامی داواکارییەکەدا هاتووە، " ئاستی پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی پێشوو تێپەڕاندراون و لە هەلومەرجی نالەباردا ماوەی ٣٤ مانگە سنووری توندکردنەوەی پێشێلکارییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی جیاواز" و مامەڵەی پێشێلکارانە لە ئیمراڵی بۆ لوتکە هەڵکشاون. پارێزەران لەبارەی بەرپرسیارێتی سی پی تی رایانگەیاندووە، "وەک لە راپۆرتی پێشووشماندا بە بەرفراوانی شیکرابووەوە، کۆمیتەکەی ئێوە ئاگاداری پێشێلکارییەکانە لە ئیمراڵی، ئەرکی کۆمیتەکەتانە کە رێگری لەو سزا و مامەڵە خراپانە بکات، کە ئەنجام دەدرێن.

لە درێژەی داواکارینامەکەدا هاتووە، " (...) هەرچەندە بەرپرسیارێتی لێپێچینەوەی کاریگەر، روون و بەرهەمدار لەلایەن بەرپرسیارە یاساییە ناوخۆییەکانەوە بەجێناگەیەندرێت، ئێمە بڕوامان وایە کە دەبێت کۆمیتەکەتان ئێستا مامەڵەیەکی روون و کاریگەر نیشان بدات. پێویستە کە متمانە لە پراتیکدا و هەمیش لە تیۆریسدا جێبەجێ بکرێت. ئەمە بۆ قەدەغەکردنی تەواوەتی ئەشکەنجە پێویستییەکی روون  وحاشاهەڵنەگرە".

لە داواکارینامەکەدا پارێزەران ئاماژەیان بەوەشکرووە، کە دەبێت سی پی تی لە پێدانی پەیامی روون لە دژی ئەشکەنجە سڵ نەکانتەوە و لەو چوارچێوەدا داوا لە سی پی تی کرا کە راپۆرتەکانی خۆی لە بارەی سەردانەکانی ئەم دواییە ئاشکرا بکات و سەرلەنوێ سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە.

*دەبێت هەلومەرجی ئێستای زیندانەکان بە گوێرەی شکۆی مرۆڤەکان سەرڕاست بکرێنەوە.

*بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی پەیوەندییان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بە تایبەتی سەردانی پاڕێزەران و بنەماڵەکان، بۆ چەسپاندنی هەموو مافەکانی پەیوەندیکردن و کۆتاییهێنان بە قەدەغەی نایاسایی سیستماتیک، هەموو دەستپێشخەرییەکی پێویست بخرێنە گەڕ.

*لە سەردانەکەی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢ی ئێوە بۆ ئیمراڵی، تائێستا هەلومەرجی ئیمراڵی لە ناڕوونیدایە. بە گوێرەی ئەو نادیاریی و ناڕوونیە و هەموو پەرەسەندنە گشتییەکان ئێمە داوا دەکین کە شاندەکەتان جارێکی دیکە بچێتەوە بۆ دوورگەی ئیمراڵی".

هـ . ب