پەرلەمانتاری هەدەپ سەزایی تەمەلـلی بەمەبەستی وەرگرتنەوەی وەڵامی وەزیری تەندروستی یاداشتێکی ئاراستەی وەزارەتی داد کرد.
تەمەلـلی لە یاداشتەکەیدا رایگەیاندووە، "لە رێکەوتی ٠٩.١١.٢٠٢٣ لە کۆمسیۆن پلان و بودجەدا ئێمە لە میانی گفتوگۆ لە سەر بودجەی وەزارەتی تەندروستیدا، پرسیارێکمان کرد بەڵام نە بە زارەکی و نە بەنوسراو وەڵاممان نەدرایەوە. ٢٥ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵیدایە. رای گشتی، بنەماڵە و پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان دەیانەوێت لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەوەوە زانیارییان پێبگات".
تەمەلـلی ئەم پرسیارانەی کردووە:
"ئایا لەبارەی دۆخی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالانەوە زانیاریتان هەیە؟ لەبارەی دۆخی تەندروستی ئۆجالان بۆچی رای گشتی، پارێزەران و بنەماڵەکەی ئاگادار ناکرێنەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە بارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەردەست نییە و داواکارییەکانی بنەماڵە و پارێزەرانی بۆ ئەنجامدانی دیدار بێ وەڵام بوون.
لەماوەکانی رابردووداش پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی هەدەپ بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییەکیان پێشکەش بە وەزارەتی دادکرد، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەدا لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بە دەستپێشخەری دۆستانی کورد لە زیاتر لە ٧٤ شار لە سەرتاسەری جیهان هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' دەستیپێکرا و تائێستاش بەردەوامە.
هـ . ب