پەرلەمانی ئەورووپا سەبارەت بە سووریا دەنگی بە پشتیوانی مەرجدار دا

پەرلەمانی ئەورووپا بڕیاریدا پشتگیری لە پرۆسەی بنیاتنانەوە و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دادپەروەرانە دەکات کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە دەستیپێکردووە.

پەرلەمانی ئەورووپا ئەم پشتیوانییەی بە مەرجەکانی وەک "پابەندبوون بە بەهاکانی یەکێتی ئەورووپا، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمینەکان" دەرکردوو. بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی گشتییەوە بە ٤٦٢ دەنگی بەڵێ و ٧٦ دەنگی نەخێر و ١٠٦ دەنگی بێلایەن پەسەند کرد.

پەرلەمانی ئەورووپا لە بڕیارنامەکەیدا پشتیوانی خۆی لە ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و محەممەد جۆلانی سەرۆکی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) کە بە سەرۆکی کاتی حکومەتی سووریا ناسێندراوە دەکات لە کاریگەری لە سەقامگیری سووریا و پرۆسەی ئاشتی دەبێت. هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، هیوادارن ئەم ڕێککەوتنە بەبێ هیچ کێشەیەک جێبەجێ بکرێت. هاوکات پەرلەمانی ئەوروپا سەرنجی بۆ دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی دانوستانی چەک دانان لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا کە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی گرژییەکانی ناوچەکە و ئارامی باکووری سووریا هەنگاوێکی زۆر گرنگە.

ئەو خاڵانەی کە لە بڕیارەکەدا زیاتر دیارن بەم شێوەیەن:

بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە سەرۆکایەتی تەحریر شام (هەتەشە)، سەردەمێکی نوێ لەو وڵاتە دەستی پێکرد. پەرلەمانی ئەورووپا وێڕای ئیدانەکردنی سەرکوت و تاوانە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس، ستایشی بەرخۆدانی گەلانی سووریای کرد.

دانانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی پێشووی هەتەشە وەک سەرۆکی کاتی دەوڵەت و نووسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردنی بۆ ماوەی ٤-٥ ساڵ بە گۆڕانکارییەکی گرنگ زانی. پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە ڕێزگرتن لە مافی کورد و کەمینەکانی دیکە دەبێت مەرجێکی بنەڕەتی بێت.

دووپات کرایەوە کە ڕژێمی ئەسەد بەرپرسیارە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژی و پەرلەمانی ئەورووپا پێشنیاری دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانەی کردوو و لەناوبردنی چەکە کیمیاییەکان.

داننان بە مافەکانی ژنان لەسەر بنەمای یەکسانی، ئازادی ئایین و بیرو باوەڕەکان، هەروەها پاراستنی کەمینەکان.

هەرچەندە پێشبینی دەکرێت بەشێک لە چالاکییە ئابوورییەکان کەم بێتەوە، بەڵام دیسان پەرلەمانی ئەورووپا بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆکانی بە تەواوی پەسەند نەکرد.

توندوتیژی دینی و کاردانەوەی لە ناوچە کەناراوییەکان دژی عەلەوییەکان و کەمینەکانی دیکە ئیدانە کرا. پەرلەمانی ئەورووپا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی کاتی دەبێت هەموو هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزێت و کۆمەڵگایەکی ئەمن یەکسان لەگەڵ بەهاکانی یەکێتی ئەورووپا بنیات بنێت.

پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند کە ڕووسیا و ئێران بە پشتیوانیکردن لە ڕژێمی ئەسەد بەشدارن لە ناسەقامگیریی ناوچەکە. هەروەها داوای لە تورکیا و ئیسرائیل کرد ڕێز لە سەروەری سووریا بگرن.

ئەوەش دیاری کراوە کە لەسەدا ٧٠ی دانیشتوانی وڵات پێویستیان بە هاوکارییە و ئابووری لە داڕماندایە. پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند کە ئامادەیە پارە بۆ بنیاتنانەوەی تەرخان بکات ئەگەر مەرجە دیاریکراوەکان بەو شێوەیەی بڕیاری لەسەر دراوە جێبەجێ بکرێن.