پارتی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی دیمەشق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بە مسۆگەری ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە ئاشتی بۆ گەلانی سووریا دەهێنێت و پلانی چەتەکان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی ڕۆژاوا پووچەڵ دەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "رێککەوتنی نێوان کورد و حکومەتی نوێی سووریا، ڕۆژاوا لە هێرشەکانی تورکیا ڕزگار دەکات و لە لایەکی ترەوە کورد ڕۆڵی لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دەنوێنێ و ڕایدەگەیەنێ دەبێت حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان زۆر باش بزانن کە گەلی کورد هێزی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی هەیە و بە مافی نەتەوەیی و پێگەی سیاسی خۆی دەگات."
پارتی ئیسلامی کوردستان لە درێژەی بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بە یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکە کە ناسنامەی گەلی کورد وەک مافێک لە دەستووردا ناساندووە، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی پێگەی سیاسی و دەستکەوتەکانی کورد کردەوە و بەکارهێنانی وشەی "عەرەب"ی لە نازناوی کۆماری عەرەبی سووریا بە مانای نکۆڵیکردن لە گەلی کورد زانی و پێشنیاری کرد "دەوڵەتی سووریا" بەکار بهێنرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر پاراستنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژاوا دوپات کرایەوە.