'پێویسته‌ سوید هه‌ڵوێستێكی توند به‌رامبه‌ر به‌ توركیا بنوێنێت'

په‌رله‌مانتاری سوید هۆكه‌ن سڤه‌نه‌لیگ سه‌رنجی بۆ سه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر شاره‌ كوردیه‌كان راكێشا و داوای له‌ سوید كرد كه‌ هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌وه‌ توند بكات.

راپۆرتی ساڵانه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سوید، به‌ پێشه‌نگایه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ئاننا لیند له‌ په‌رله‌مانی سوید هه‌ڵسه‌نگێنرا.

له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی راپۆرته‌كه‌دا په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پی سوید و وته‌بێژی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پارته‌ هۆكه‌ن سڤه‌نه‌لیگ قسه‌ی كرد و باسی له‌وه‌كرد، كه‌ پێویسته‌ سوید هه‌ڵوێستی خۆی له‌ دژی توركیا توند بكات. سڤه‌نه‌لیگ وتی، "له‌ توركیا په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ستگیر ده‌كرێن" و رایگه‌یاند، كه‌ سوپای تورك هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر شاره‌كانی كورد.

'دیموكراسی پارچه‌ پارچه‌ ده‌كرێت'

هۆكه‌ن سڤه‌نه‌لیگ له‌ درێژه‌دا وتی، " له‌ توركیا دیموكراسی به‌ ته‌واوه‌تی پارچه‌ پارچه‌كراوه‌. پارتی ئۆپۆزسیۆنی لایه‌نگری كوردان هه‌ده‌په‌ كه‌ سێهه‌م گه‌وره‌ترین پارتی وڵاته‌كه‌یه‌، له‌ رێگه‌ی داواكارینامه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن داواكاری گشتیی كۆماریی توركه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ مه‌ترسی داخستنی له‌لایه‌ن رژێمه‌كه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ له‌سه‌ره‌.  له‌ دۆسیه‌كه‌دا كه‌ ناوی 'دۆسیه‌ی كۆبانێ'ی له‌سه‌ر دانراوه‌ ١٠٨ سیاسه‌تمه‌دار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١٤دا بانگه‌وازیان ئاراسته‌ی گه‌ل كردبوو كه‌ له‌ دژی هێرشه‌كانی داعش ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن، تۆمه‌تبار ده‌كرێت. رژێمی ئه‌ردۆغان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ دژی پێوه‌ره‌ دیموكراتیكه‌كان، سزا به‌سه‌ر سیاسه‌تمه‌داره‌كاندا ده‌سه‌پێنێت و ده‌یه‌وێت هه‌ده‌په‌ دابخات".

هۆكه‌ن سڤه‌نه‌لیگ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ سه‌رباری ئه‌وانه‌ش له‌ ژێر ناوی نانوستانه‌كان بۆ به‌ئه‌ندامبوون یه‌كێتی ئه‌وروپا پاره‌ده‌داته‌ كۆماری توركیا و وتی، "پێویسته‌ سوید داوا بكات كه‌ ئه‌گه‌ر توركیا هه‌ده‌په‌ دابخات یان په‌رله‌مانتارانی به‌ دۆسیه‌ی به‌ كۆمه‌ڵ سزا بدات، ده‌بێت دانوستانه‌كان بۆ به‌ ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌". سڤه‌نه‌لیگ به‌و جۆره‌ داوای له‌ سوید كرد هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت.

'ده‌وڵه‌تی تورك پشتی به‌ ناتۆ به‌ستوه‌ و هێرشده‌كاته‌ سه‌ر كوردستان'

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا هۆكه‌ن سڤه‌نه‌لیگ هه‌روه‌ها وتی، "رژێم نه‌ك هه‌ر گوشار به‌كارده‌هێنێت، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ رووی سه‌ربازیشه‌وه‌ هێرش ده‌كات. به‌ تایبه‌تی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌رێمه‌ كوردیه‌كان. له‌ سه‌ره‌تای مانگی شوباته‌وه‌ سوپای تورك هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر هه‌رێمه‌كانی كورد له‌ باكوری عێراق و سوریا كردووه‌. بۆردومانی كه‌مپی مه‌ده‌نی و په‌نابه‌ران كراوه‌، ژێرخانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی گروپه‌ كوردیه‌كان له‌ دژی داعش شه‌ڕیان تێدا كردبوو و خۆی له‌ خۆیدا به‌هۆی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ خاپور كرابوو، له‌ ناو ده‌بات".

په‌رله‌مانتاری سوید هۆكه‌ن سڤه‌نه‌لیگ ئه‌و هێرشكاریه‌ی توركیا به‌ ئه‌ندامبوون له‌ ناتۆ به‌سته‌وه‌ و وتی، "توركیا وه‌ك ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا ئه‌و هێرشه‌ سه‌ربازیانه‌ ده‌كات. هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی دیكه‌ی په‌یمانی ناتۆ لێپرسینه‌وه‌ی لێناكه‌ن و ئه‌و هێرشانه‌ی خۆیشی به‌ زۆری به‌و چه‌كانه‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ی ناتۆ وه‌ریگرتوون. ئه‌وه‌ش نمونه‌یه‌كی دیكه‌یه‌ كه‌ ده‌ریده‌خات بۆچی نابێت سوید ببێته‌ به‌شێك له‌ په‌یمانی ناتۆ".

هـ . ب