پەیامێک لەباسکەوە: دەبێت لە پێناو چارەسەریدا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

یەکێتی سەندیکا کرێکارییەکانی وڵاتی باسک (لاب) بە بۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد ئازادیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان زۆر گرنگە".

لەساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم کە لە بەرامبەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی یەکێتی سەندیکا کرێکارییەکانی وڵاتی باسک (لاب) پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە. ئەندامان و بەڕێوەبەرانی لاب لە بەرزترین ئاستدا خاوەندارییان لە هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان کرد و لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی پەکەکە، پلاکاردیان لەپشتگیری لە هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادی بەرزکردەوە.

وتەبێژی یەکێتی سەندیکا کرێکارییەکان کۆلدۆ ساینز لەسەر ناوی لاب وتی، "ئەمڕۆ ساڵیادی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان. ٢٦ ساڵ بەسەر ئەو کردەوەیدا تێپەڕبوو، سەرباری ئەوەش لە ئیمراڵی لە ناو هەلومەرجی نامرۆڤانەدا زیندانی کراوە و بە هیچ جۆرێک زانیاری لەبارەوە نازانرێت. هەربۆیەش یەکێتی سەندیکا کرێکارییەکان ئێمە داوای ئازادی ئەو دەکەین و ئەوەش لەبەر دوو هۆکارە: یەکەم زیندانیکردنی ئەو پێسێلکاری زەقی مافەکانی مرۆڤە و لەبەر ئەوەش کە ئازادیی ئۆجالان لە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورددا زۆر گرنگە. هەر بۆیەس ئێە داوا دەکەین ئۆجالان ئازاد بکرێت و چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد بدۆزرێتەوە".

لاب لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ دا لە وڵات باسک لەگەڵ شەش سەندیکای دیکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکردبوو. سەندیکاکە لەپێناو سەرخستنی هەڵمەتەکەدا لە سەرتاسەری ئیسپانیا پێشەنگایەتی بۆ بزوتنەوە سەندیکاییەکان دەکات و چەندین چالاکی سازکردووە.