'پیلانگێری ٩ی تشرینی یەکەم هەنگاوی یەکەمی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە'

ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلیم باسی لەوەکرد کە ٩ی تشرینی یەکەم سەرەتای پیلانگێڕیی نێونەتوەییە کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کردەئامانج و هەنگاوی یەکەمی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە.

ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ساڵح موسلیم باسی لەوەکرد، کە کوردستان جگە لە هێرشی داگیرکەری سەربازی، لە هەمان کاتدا رووبەڕووی هێرشی ئابوری و دیپلۆماتیک بووەتەوە و وتی، "ئامادەکارییەکانمان بۆ تێکۆشان لە دژی هەموو هێرشەکان بەردەوامە. ئێمە چەندە بە رێکخستن بین، ئێمە ئەوەندەش دەتوانین خۆمان بپارێزین".

ساڵح موسلیم لەبارەی ساڵیادی ٩ی تشرینی یەکەم وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دایەوە.

٩ی تشرینی یەکەم ساڵیادی زۆر رووداوە لە کوردستان. لە سەروبەندی ٩ی تشرینی یەکەم ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆ، دەتانەوێت چی بڵێن؟

٩ی تشرینی یەکەم مێژویەکی رەشە. دەبێت سەرەتا لە واتای مێژووی ٩ی تشرینی یەکەم تێبگەین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هەر کە رووداوی نوێ هاتنە ئاراوە، ئەوەی چی بووە و چی نەبووە زیاتر بە روونی دەرکەوتن. لەبەر ئەوەش دەتوانین بڵێین کە پیلانگێری ٩ی تشرینی یەکەم سەرەتا قۆناغێکی نوێیە. وەک ئەوەی دەزانین هێزە هەژمونگەراکان باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە دەکەن. ئاشکرابوو پلانی گەورە لە سەر مێز بوونیان هەیە. ئەو پلانە کە ئێستا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە. ئەوەی هەنگاوی یەکەمی ئامادەکاری بوو، لە ٩ی تشرینی یەکەمەدا دەست بە پیلانگێڕییەکە کرا. ٩ی تشرینی یەکەم لە دژی رێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەست بەو پیلانگێڕییە کرا.

ویستیان ئەو لەناو ببەن. بەڵام پلانەکەیان سەرینەگرت، لە ئەنجامدا بەدیلگیرا و رادەستی تورکیا کرایەوە. تورکیا پلانداڕێژەری ئەوە نەبوو، تەنیا کاراکتەرێک بوو. هێزە نێونەتەوەییەکان ئەو پلانەیان داڕشت. ئەمرۆ ئامانجەکانی ئەو پلانە بەشێوەیەکی روونتر دەردەکەون. پیلانگێرییەکە تەنیا لە دژی بەڕێز ئۆجالان ئەنجامنەدرا، بەڵکوو لە دژی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئەوە هەنگاوی یەکەمی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بوو. لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا رۆژ لە دوای رۆژ ئامادەکاری و هەوڵدانی نوێ هاتە ئاراوە. لە رێگەی هێرشی سەر عێراق دەستیپێکرد و تا ئەمرۆ وەک بازنەیەک هەمووشوێنێک دەتەنێتەوە. رێککەوتنی ئەدەنەش ئەنجامی ئەوە بوو. ئامانجەکە ئەوەبوو کە سوریا ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن.

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرش کرایە سەر سەرێکانی و گرێ سپی. دوای ساڵێکیش لە هەولێر لە ٩ی تشرینی یەکەمدا لەسەر شەنگال رێککەوتنیان کرد. لە رێگەی هەڵبژاردنی رێکەوتی ٩ی تشرینی یەکەمەوە ویستیان وەک ئەوە مێژوومان لەناوببەن، بە بیرمان بهێننەوە.

لەنێوان دەوڵەتی تورک و رۆژئاوادا پێشتر دیدار ئەنجامدرابوون، ئێوەش بەشداربوون لەو دیدارانەدا. دوای ئەو دیدارانە بۆچی ئەنقەرە ئەو دەربڕینە پڕ لە رق و نەفرەتانەی لە دژی رۆژئاوا بەکارهێنا؟

میراتێکی مێژووییان هەیە، دەیانەوێت کەسانی بەرامبەریان لەناوببەن؛ لە ناوخۆش دەرەوەش بە وتار، سمشێر و چەک دەدوێن... کاتێکی 'بەهاری عەرەبی' گەیشتە سوریا، بۆ ئەوەی کوردان پەلکێسی لای خۆیان بکەن، هەندێک هەوڵیان خستەگەڕ. سەرەتا پێیان نەوتین 'مەرحەبا'. تا قۆناغی ٢٠١٢. دواتر کاتێک بینیان ئێمە بەهێزدەبین و کەس ناتوانێت بەرامبەرمان بوەستێت، بۆ ئەوەی بەرامبەرمان نەکەونە شەڕەوە ویستیان 'دۆستایەتی' سازبکەن. ئێمە هەموو کات لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە بۆ دیالۆگ ئامادەین. لەسەر ئەو بنەمایە چووینە تورکیا. بینیمان کە دەیانەوێت ئێمە بکەنە سەربازی خۆیان و ئێمە بخەنە خزمەت خۆیانەوە. ئێمە نەکەوتینە ئەو گەمەیەوە. وتمان ناسنامە و کێشەی ئێمە قەبوڵ بکەن و چارەسەری بکەن، کاتێک ئەنجامی لێنەکەوتەوە، داعشیان بۆ سەر ئێمە ئاراستە کرد. بەو جۆرەش پرۆسەکە بە تەواوەتی گۆڕدرا. داواکارییەکەیان بەجێنەگەیەندرا و دەستیان بە هێرش بۆ سەر ئێمە کرد.

ئامانجیان تەنیا رۆژئاوا نەبوو

 وەک چۆن ئێمە بیردەکەینەوە کە پرسی کوردستان پێکەوە بەستراوەتەوە و کاریگەری هەیە، پلانی ئەوانیش تەنیا لە دژی رۆژئاوا نییە، لە هەمان کاتدا لە دژی تەواوی کوردستانە. کوردێک لە چ شوێنێک مافی خۆی بەدەستبهێنێت، دوژمنایەتی دەکەن. ئەوان دژی پرۆژەکانی نەتەوەی دیموکراتیک و یەکێتی کۆمەڵگەی دیموکراتیکن کە لەلایەن رێبەری گەلی کوردەوە خراونەتەڕوو. ئامانجی بنچینەیی پلانی دەسەڵاتی تورک بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤دا لەناوبردنی کوردان و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بوو. ئەو شتانەی لە رۆژئاواش روویاندا لە چوارچێوەی ئەو پلانەدابوون. وەک چۆن ئێمە دەڵێین دەستکەوتەکان لە هەر پارچەیەکی کوردستان دەستکەوتن بۆ سەرجەم کوردان، ئەوانیش نایانەوێت کورد لە هیچ شوێنێک دەستکەوتی هەبێت و بۆ ئەوەی بەر بەوە بگرن هەموو شتێک دەکەن.

ئایا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، نەرژەوەندی سیاسی لەو هێرشانەدا هەیە؟

راستە. ئەمڕۆ هەموو هێرش و سیاسەتەکان لە دژی جوگرافیا، بە ئامانجی پێکهێنانی ئامانجە سیاسیەکانیانە. بابەتەکە ئەمەیە. ئەوانەی ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبەن رێکاری سیاسی دەگرنەبەر. هێزەکانی ئەوروپا و هتد.. بەهەموو ئەو هێزانەی گرنگی بە پرسی سوریا دەدەن دەڵێت، "ئەوانە تیرۆریستن لەوان نزیک مەبنەوە". بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێمە بپچڕێنێت هەموو شتێت دەکات. ئێمە بچینە کوێ لەوێ بەدواماندا دەگەڕێن. تێکۆشانی ئێمە لە دژی ئەوە، بەرێکخستنکردنی گەلەکەمان، خۆناساندن و پرۆژەی دیموکراتیکی ئێمە لای هەمووان هەیە. بۆ ئەوەی تێکۆشانە بەهێزەکەمان نەگاتە ئەنجام، هەوڵ دەدەن کە رێگە نەدەن پەیوەندی بە کەسەوە بگرین، خەباتی دیپلۆماسی نەکەین و دەستکەوتی سیاسی بەدەستنەهێنین.  لە سەرتاسەری ئەوروپا، هەموو دامەزراوەکانمان تەنانەت چالاکییەکانمان، لەلایەن ئەوانەوە رێگرییان لێدەکرێت و قەدەغە دەکرێن. هەڵبەت پەیوەندیمان لەگەڵ هێزە دیموکراتیکەکان بەهێزە. لەو رووەوە سیاسەتی خۆمان بەڕێوەدەبەین. دەوڵەتان بەهۆی بەرژەوەندییانەوە لەئێمە نزیک نابنەوە. لەبەر ئەوەی تورکیا بەرامبەر بەوان شانتاژ دەکات. هەموو ئەوانەی لەپێناو رۆژئاوادا چالاکن ئاستەنگ دەکەن. بۆ نمونە، نەتەوەیەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا، دانیشتن و کۆبوونەوەی فەرمی ئێمە لەوێ قەبوڵ ناکەن. راستە ئێمە وەک رێکخراو کۆبوونەوە ساز دەکەین، بەڵام بەربەستی سیاسیش ساز دەکەن. وەک پەیەدە ئێمەش ئەندامی سۆسیال دیموکراتین، بەڵام بەر بە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانمان دەگرن کە تیایاندا پرسی کورد شرۆڤە دەکەین. قەبوڵنەکردنی ئێمە لەلایەن زۆر رێکخراوی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتیەکەی لە سوریا، بۆ هێرشە سیاسیەکانی دەوڵەتی تورک دەگەڕێتەوە.

قسە و باس و بانگەشەی ئەوەی ئەنقەرە و دیمەشق دیدار ئەنجام دەدەن بەردەوام لە رۆژەڤدایە، ئایا ئەوە پەیوەندی بە هێرشەکانەوە هەیە؟

هێرشەکانی فاشیزمی تورک کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆر لایەن دەکات. ئەو هێرشانە لە دژی یاسان. چەکی قەدەغە بەکاردەهێنن، تاوانی شەڕ دەکەن، تاوانی جینۆساید لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن. جگەلەوانەش زۆر هێرشی دڕندانە دەکەن. هەموو ئەوانە کاریگەری دەکەنە سەر کۆمەڵگە. بۆ نمونە بازرگانی مادەی هۆشبەر و گۆرینی دیموگرافیای هەرێمەکە بۆ کۆچبەرکردنی گەلیش، لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتین. دەوڵەتی تورک هەم بە دەستی خۆی، هەمیش بە رێگەی چەتەکانی خۆی بە ئاشکرا و بە بەرچاوی جیهانەوە ئەوانە دەکات. تەنیا بنکە سەربازییەکان ناکاتە ئامانجی هێرشەکانی. بۆ نمونە ساڵی رابردوو بە هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی هەرێمەکە وەک نەخۆشخانە، وێستگەی کارەبا و ئاو و بیرە نەوتیەکان زیانی ماددی گەورەی گەیاند. دڕندەییەکی بەم جۆرەیان بەرامبەر ئێمە ئەنجامدا. ئەو هێرشە بەردەوامانە نەکرانایە سەر هەرێمەکە، ئێستا دۆخەکە لە هەرێمەکە زۆر جیاواز دەبوو. لەوانەیە ئەو ئاڵنگاری و گرفتانەی لەمرۆدا هەمانە، نەبوونایە. هەم لە رووی سیاسی، هەم لە رووی سەربازی، دیپلۆماتیک هەمیش لە رووی ئابوریەوە هێرشی دڕندانە دەکەن. لە ماوەکانی رابردووشدا لە رێگەی هەوڵەکانیان بۆ دانوستان لەگەڵ رژێم ئامانجیانە کە هێرشێکی هاوبەس لە دژی ئێمە ئەنجام بدەن.

لە دژی ئەو هێرشانە و هەموو هەوڵەکانیان، بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاوا چ رێگەیەک دەگرنەبەر؟

وەک رۆژئاوا ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین کە لە دژی هەموو هێرشەکان تێبکۆشین. کاتێک هێزی سەربازی شەردەکەن و هێزەکانی ئاسایش لە دژی تاوانەکانی وەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانی مرۆڤ تێدەکۆشن، دەبێت گەلەکەمان بتوانێت بە شێوەیەکی رێکخراوتر هاوکاری هێزەکانی بکات. گەلەکەمان چەندە رێکخراو بێت، ئەوەندەش دەتوانێت خۆی بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک لەوانە شەڕی ئابوری، هزری و شەڕی تایبەت بپارێزێت. ئەوەی بەلامانەوە گرنگە رێکخستنبوونی گەلە. دوژمن هەر لە کۆنەوە بۆ ئەوەی لەنێوان ئایین و نەتەوەکاندا ناکۆکی سازبکات هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ و دەبێت ئێمە بەرامبەر بەوە هەستیار بین.وەک هەموو گەلان پێویستیمان بەوە هەیە کە پێکەوە بژین.