دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ_عامودا ٢ کەسی شەهید کرد

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ_عامودا ٢ کەس شەهیدبوون.

دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ_عامودا ئۆتۆمبیلێکی بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا ٢ کەس شەهیدبوون.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی هێرشەکە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە پێشێلکارییەکان و کاری دوژمنکارانە دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. سوپای داگیرکەری تورک ڕۆژی پێنجشەممە (٣ی تشرینی یەکەم) کاتژمێر١٨:٠٠ ی پاشنیوەڕۆ لەسەر ڕێگای نێوان شارەکانی قامیشلۆ و عامود ئۆتۆمبێلێکی بۆردوومان کرد.

فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی تورک ڕاستەوخۆ مووشەکی ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە. لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە لە ڕێگە دەرچوو و وەستا. پاشان فڕۆکەکە جارێکی دیکە بە مووشەکێکی تر ئۆتۆمبێلەکەی کردە ئامانج. لە ئەنجامدا ژن و پیاوێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا شەهید بوون.

هێرشی بەردەوام کە سەلامەتی و ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە، نیشانەیەکی ڕوونی سیاسەتی دڕندانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە. دەوڵەتی تورک هەموو ڕێککەوتن و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات".