زانای ئایینی، بەدرەدین گونای، تیشکی خستەسەر شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر کوشتنی خەڵکی سڤیل، هەروەها ئاماژەی بە دووڕوویی دەسەڵات کرد لەلایەک ئیسرائیل وەک ستەمکار پیشاندەدات و خۆی وەک دۆستی گەلی فەڵەستینی مەزڵوم دەردەخات، لەولاشەوە نکۆڵی لە هەبوونی گەلی کورد دەکات. ڕایگەیاند سیاسەتی جیاکاری دژی عەلەوی و کوردان پیادە دەکرێت.
هاوکات هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای شەرمەزارکرد، ئاماژەی بەوە کرد، بەناوی دەسەڵاتی ئیسلامییەوە، خوتبە و ئامۆژگاری ئایینی بە زمانی کوردی قەدەغە دەکەن، پەرستگای عەلەوییەکان قبووڵ ناکەن، ئایا ئەمە دژی ڕێگەی حەزرەتی موحەمەد نییە؟
گونای ئاماژەی بەوە کرد گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناڕەوایە، گوتی: " بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کەسێکی ئاسایی نییە. زانایەکە بە ملیۆنان کەس بە ئیرادەی خۆیان ناوی دەبەن و بە ملیۆنان کەس لە پێناو ئازادییەکەیدا چالاکیی ڕێکدەخەن. سەرەڕای سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان، فیکری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەموو دەرفەتێک بۆ ئاشتی دەهێنێتە پێشەوە و فەلسەفەیەکە بۆ ئاشتی. موخاتەبی چارەسەری ڕەهای کێشەی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. ئێمە دەڵێین بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان پێویستە، دەبێت بەشێوەیەکی جەستەیی ئازاد بکرێت".
گونای ڕایگەیاند بۆ نەمانی جەنگ لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و شەڕی ناوخۆیی، دەبێت چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکرێت، گوتی: "تا بەڕێز ئۆجالان ئازاد نەبێت، گەل ئازاد نابێت و دیموکراسی ناگاتە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین".
پیری عەلەویان، حوسەین ئەسەن، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، ئەوا ڕەوشەکە وەک ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستینی لێ دێت، ئەرکی هەمووانە بانگەواز بۆ ئاشتی بکەن.