راپۆرتی هه‌ده‌په‌ له‌ باره‌ی شه‌نگال: داعش گه‌وره‌ترین پشتیوانی له‌ توركیاوه‌ وه‌رده‌گرێت

هه‌ده‌په‌ له‌ راپۆرتی خۆیدا له‌ باره‌ی شه‌نگاله‌وه‌ رایگه‌یاند، "ئه‌و شه‌ڕه‌ی گوایه‌ توركیا له‌ دژی داعشی ده‌كات درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌. داعش زیاتر له‌ توركیاوه‌ پشتگیری وه‌رده‌گرێت".

وته‌بێژی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ فه‌له‌كناس ئوجا و په‌رله‌مانتاران موراد چه‌پنی، حه‌سه‌ن ئۆزگونه‌ش و هودا كایا وه‌ك ئه‌ندامی شاندی هه‌ده‌په‌ سه‌ردانی شه‌نگالیان كردبوو. دوای سه‌ردانه‌كه‌ راپۆرته‌كه‌یان به‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌ ناوه‌ندی پارته‌كه‌یان ئاشكرا كرد.

راپۆرته‌كه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌:

"داعش زۆرترین پشتگیری له‌ توركیاوه‌ وه‌رده‌گرێت. له‌ رێگه‌ی داعشه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردان ده‌كرێنه‌ ئامانج. به‌ په‌یماننامه‌ی ٩ی تشرینی دووه‌م هێرشه‌كانی سه‌ر شه‌نگال زیاتر بوون.

ئێمه‌ وه‌ك شاندی هه‌ده‌په‌ له‌ ٨-١٢ی شوباتدا به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ چووینه‌ شه‌نگال و مه‌خمور كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ بۆردومان كرابوون.

شانده‌كه‌مان ئه‌و بابه‌ته‌ی بۆ یه‌كلا بووه‌وه‌، شه‌ڕێك كه‌ گوایه‌ توركیا به‌رامبه‌ر به‌ داعش ده‌یكات، درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌دا وشیار نییه‌. به‌داخه‌وه‌ داعش زۆرترین پشتگیری له‌ توركیاوه‌ وه‌رده‌گرێت و لۆجستی به‌ده‌ستده‌خات. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ وه‌ك ئه‌میری توركیا ناساندبوویان، باسی له‌وه‌كردبوو كه‌ له‌ زۆر شار چه‌كیان خستوه‌ته‌ ژێر زه‌وی و باره‌گای نوێیان توركیایه‌.

خواستی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردان له‌ لایه‌ن رێكخراوێكی كرێگرته‌وه‌ له‌ ناو ببرێت. داعش له‌ باكوری سوریا و رۆژئاوا به‌رخودانی گه‌لی به‌رامبه‌ر به‌ خۆی بینیبوو دواتر شكستی هێنابوو، جارێكی تر ئاماده‌كاری بۆ هێرشه‌كانی ده‌كات. داعش په‌لاماری گرتووخانه‌ی حه‌سه‌كه‌ی دا و ١٢١ كه‌ له‌ رۆژئاوا ژیانیان له‌ده‌ستدا. ئه‌و هێرشه‌ به‌ به‌رچاوی هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، توركیا، عێراق و سوریاوه‌ ئه‌نجامدرابوو.

له‌هه‌مان كاتدا له‌ ٣ی ئابی ٢٠١٤دا له‌ به‌رامبه‌ر شه‌نگالدا كۆمه‌ڵكوژیه‌كی گه‌وره‌ ئه‌نجامدرابوو. لانیكه‌م ٧هه‌زار ژن و منداڵی ئێزدی له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ فرۆشرابوون، به‌ هه‌زاران ئێزدی كوژرابوون و به‌ سه‌دان هه‌زار ئێزدی له‌ خاكی خۆیانه‌وه‌ ئاواره‌ كرابوون. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ شه‌نگال چه‌ندین گۆڕستانی به‌كۆمه‌ڵ هه‌ن كه‌ تائێستا هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه‌.

له‌ ٩ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٠دا له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا به‌ پشتیوانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، ئه‌مریكا و توركیا رێككه‌وتنی شه‌نگال واژۆكرا. دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ گوشاره‌كان بۆ سه‌ر شه‌نگال و ئێزدیه‌كان زیاتر بوو.

له‌ئێستادا له‌ شه‌نگال ٢٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌ژین. هه‌ندێكیش له‌ ناو كه‌مپه‌كانی سه‌ر به‌ په‌ده‌كه‌ له‌ ژێر چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كاندا ده‌ژین. به‌گشتی ١٣ كه‌مپ هه‌ن. سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی ئایینی و كولتوری به‌سه‌ر گه‌لی شه‌نگالدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌كان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌. له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا ئه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ وترا كه‌ به‌ ناوی میته‌وه‌ ته‌له‌فون بۆ گه‌لی شه‌نگال ده‌كرێت و هه‌وڵ ده‌درێت سیخۆڕیكردنیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.

له‌ یه‌ك ساڵی دواییدا چه‌ندین هێرشی ئاسمانی كرانه‌ سه‌ر شه‌نگال و له‌و هێرشانه‌دا گه‌لی مه‌ده‌نی ده‌كوژرێن. له‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له‌سه‌ر گه‌لی ئێزدی هه‌یه‌ و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ توركیاش شه‌نگال بۆردومان ده‌كات. گه‌لی شه‌نگال داواكاره‌ كه‌ درۆن و فڕۆكه‌ی جه‌نگی به‌سه‌ر شه‌نگاله‌وه‌ نه‌سوڕێنه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا ته‌واوی ده‌وڵه‌ته‌كان كۆمه‌ڵكوژی ئێزدیه‌كان به‌ فه‌رمی بناسن.

مه‌خمور

شانده‌كه‌مان چووه‌ كه‌مپی مه‌خموریش، كه‌ له‌ ساڵی ٩٣دا گونده‌كانیان سوتێنرا و ناچار بوون كۆچ بكه‌ن. ئه‌و كه‌مپه‌ی مه‌خمور له‌ ژێر به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندایه‌ و له‌ ماوه‌ی ٢٧ ساڵدا بووه‌ته‌ شوێنێك كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت تیایدا بژیت. ١٣ هه‌زار كه‌س له‌ كه‌مپه‌كه‌دا ده‌ژین. له‌ ساڵی ٢٠١٨ه‌وه‌ خه‌ڵك ناتوانن بچنه‌ ناو شاره‌كانی ژێر ده‌ستی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان. خه‌ڵكه‌كه‌ ناتوانن بچنه‌ نه‌خۆشخانه‌كانیش. ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌مارۆی خستوه‌ته‌ سه‌ر مه‌خمور. خوێندكاران له‌ ساڵی ٢٠١٨ه‌وه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ركه‌وتنی باشیش به‌ده‌ستده‌هێنن ناتوانن بچن بۆ زانكۆ.

داعش هێرشی ئه‌و كه‌مپه‌ ده‌كات و گه‌لی به‌ توانا و ده‌رفه‌ته‌كانی خۆی ده‌یه‌وێت خۆی بپارێزێت. له‌ هه‌مان كاتدا توركیاش له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌مپه‌ مه‌ده‌نیه‌. ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ توركیا ده‌ڵێت ‘ئێمه‌ له‌ بنكه‌ی تیرۆریسته‌كانمان داوه‌‘ هه‌موو شوێنی مه‌ده‌نین و گه‌لی مه‌ده‌نی له‌وێ ده‌ژین. گه‌لی مه‌خموریش ده‌یانه‌وێت بۆردومانه‌كان كۆتاییان پێبهێنرێت، گه‌مارۆ و قه‌ده‌غه‌ له‌سه‌ر كار و هاتووچۆ هه‌ڵبگیرێت و خوێندكاران بتوانن بچنه‌ زاكۆكان".

هـ . ب