سەباحەت تونجەل: پرسی کورد لەڕێگەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە چارەسەر دەبێت
سیاسەتمەداری کورد، سەباحەت تونجەل، لە دۆزی کۆبانێ قسەی کرد و ڕایگەیاند ئەگەر دۆزی پرسی کورد چارەسەر بکرێت، ئەم چارەسەرە لەڕێگەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەبێت.
سیاسەتمەداری کورد، سەباحەت تونجەل، لە دۆزی کۆبانێ قسەی کرد و ڕایگەیاند ئەگەر دۆزی پرسی کورد چارەسەر بکرێت، ئەم چارەسەرە لەڕێگەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەبێت.
دانیشتنی دۆزی کۆبانێ بە بەرگری هاوسەرۆکی گشتی پێشووی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، سەباحەت تونجەل بەردەوام بوو. دانیشتنەکە لە ٢٢ هەمین دادگای سزای قورس لە هۆڵی کەمپی زیندانی سینجان بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) جاهیت کەرکازاک و سوڵتان ئۆزجان، هاوسەرۆکی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار و پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ئەندامانی مەجلیسی دایکانی ئاشتی، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شارەکە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون. کاتێک سیاسەتمەداران چوونە ناو هۆڵی دانیشتنەکە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.
سەباحەت تونجەل سەرەتا سڵاوی لە ژنانی ئامادەبوو کرد و بە قسەیەکی ئەمین مەعلوف دەستی بە بەرگرییەکەی کرد و گوتی: "ڕێز لە هەموو باوەڕەکان دەگرم، لە چاوی هەموواندا ئەمە تاوانی منە. تاوانی من ئەوەیە، داوای ئاشتی بۆ ئەوان دەکەم. من باجی ئەوە دەدەم".
تونجەل ئاماژەی بەوە کرد زۆرێک لە هەرێمە کوردییەکان بە چەکی قورس گەمارۆدراون و هەر ماڵێکی تەرمێکی بۆ هاتۆتەوە، بەڵام گوێ لە داوای ئاشتی ئێمە نەگیرا.
تونجەل ڕایگەیاند، ئەم دادگایە کۆیلایەتی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت، دادگاکە نامرۆڤانەیە و دەستی دوو هەڤاڵمان شکێنراوە، لە تورکیا ئسوڵی دادگایکردن نییە.
تونجەل ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی خۆی وەک دژی ئیسرائیل و لایەنگری گەلی فەڵەستین دەردەخات، با سەرەتا بڕوانێتە ماڵی خۆی، لە عەفرین چی دەگوزەرێت؟ لە هەموو دەوڵەت نەتەوەکان زیهنیەتی پیاو سەردەستە. ئەو خاکەی داگیری دەکەن وەک ژن لێی دەڕوانن، لە شەڕدا ژنان دەکوژرێت.
لە کۆتاییدا، تونجەل گوتی: "ئەگەر لە تورکیا پرسی کورد چارەسەر بکرێت، ئەم چارەسەر لەڕێگەی بەڕێز ئۆجالانەوە دەبێت. هەوڵەکانی چارەسەری دیموکراتیکی ئۆجالان بۆ هەموو تورکیا بەنرخن. ئازادبوونی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی تورکیا گرنگە. ڕێگەی هەرە باش، پێکەوەژیانە، دەبێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان گفتوگۆ بکرێت. کەچی ئێوە بەڕێز ئۆجالانتان لە گۆشەگیری هێشتۆتەوە. هیچ مافێکی بۆ ڕەوا نابینن. لە چالاژی مانگرتن لە خواردنی ساڵی ٢٠٠٩ دا، ٦ کەس گیانیان لەدەستدا. ئێستەش دیسان مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کردووە. پێویستە ئیتر ڕێگە لە مردن بگیرێت".
دانیشتنەکە سبەی کاتژمێر ١٠:٠٠ بە بەرگری سەباحەت تونجەل بەردەوام دەبێت.