سەبارەت بە 'گۆشەگیری ئیمرالی' داواکارییەک ئاراستەی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمان کرا

دژی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالی، نەورۆز ئویسال ئاسڵان پەرلەمانتاری دەم پارتی داوای لە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافی مرۆڤی پەرلەمان کرد دەست بە هەوڵدان بکەن.

نەورۆز ئویسال ئاسڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی شرناخ سەبارەت بە دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وەیسی ئاکتاش و عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یڵدرم کە ماوەی ٤٣مانگە هیچ زانیارییەکیان لەسەر نییە، داوای لە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤی پەرلەمان کرد.

نەورۆز ئویساڵ ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی ٤٣مانگە هیچ زانیارییەک لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی نازانرێت و وتی: "دوایین جاری وەرگرتنی زانیاری لە بەڕێز ئۆجالان٢٥ی ئاداری ٢٠٢١بووە، ئەویش بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بووە و دوای چەند خولەکێک پەیوەندیەکەیان پچڕاندووە. هەروەها دوایین دیداری عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرەکانی لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ـەوە بووە و لەو کاتەوە هەشت ساڵە تێدەپەڕێت. لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ تا ٢ی ئایاری ٢٠١٩ ، چاوپێکەوتنەکان قەدەغەکراوە. هەموو داواکارییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی زیندانەوە بە بیانووی دووبارەبوونەوەی سزادانی دیسیپلین ڕەت دەکرێنەوە. ئەم دۆخە کە بە پێشێل کردن ناو دەبرێت هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە."

لە کۆتایی داواکارییەکەدا هاتووە: " لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی ماوەی ٢٥ ساڵە پێشێل کاری بەردەوامە و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت. بۆ بەدیهێنانی ئاشتی هەمیشەیی و سەروەری یاسا لە تورکیا، پێویستە کۆمیسیۆنەکەتان دەستپێشخەری و پێشنیار بۆ چارەسەریەکی هەمیشەیی دابڕێژێت. هەروەها بۆ کۆتاییهێنان بە یاسا و کردەوەکانی دژ بە ستانداردە جیهانیەکانی مافەکانی مرۆڤ دەست بە هەوڵدان بکەن."